رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەیادی 50 ساڵەی بۆردوومانی زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "شەهیدانی ئەم کارەساتە لەیادمانن".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، "نیو سەدە لەمەوبەر، رژێمی بەعس قەڵادزێی بۆردوومان کرد و سەدان کەسی بێتاوانی شەهید و بریندار کرد، جگە لە وێرانکردنی شارەکە".
50 ساڵ لەمەوبەر لە 24-04-1974دا، چەند فڕۆکەیەکی حکومەتی بەعس قەڵادزێیان بۆردوومان کرد. 134 هاونیشتمانی شەهید و 150ی دیکەش بریندار بوون، هەروەها نزیکەی 200 خانووش بەهۆی بۆردوومانەکانەوە رووخان. بەشێک لەوان خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی بوون، چونکە ئەوکات لە ترسی حکومەتی بەعس زانکۆکەیان گواستبووەوە قەڵادزێ.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە: "هەروەها لە ساڵی 1982، خۆپێشاندانێکی شارەکەی گولـلەباران کرد کە بۆ رێزگرتن لە قوربانییانی بۆردوومانەکە ئەنجامدرا بوو".
دەقی پەیامەکە:
نیو سەدە لەمەوبەر، ڕژێمی بەعس قەڵادزێی بۆردومان کرد و سەدان کەسی بێتاوانی شەهید و بریندار کرد، جگە لە وێرانکردنی شارەکە.
هەروەها لە ساڵی 1982، خۆپێشاندانێکی شارەکەی گوللەباران کرد کە بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی بۆردومانەکە ئەنجامدرا بوو.
شەهیدانی ئەم کارەساتە هەمیشە لەیادمانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ