کوردستان
ئەم وێنەیە لە ساڵی رابردوو لە سایلۆی مەخموور لەلایەن بڵند تاهیر، فۆتۆجۆرناڵیستی رووداو گیراوە
رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی سنووری مەخموور ناڕازین لە بەرامبەر بڕیاری حکومەتی عێراق، بۆ ئەو بڕە گەنمەی کە دیاریکردووە لێیان وەربگرێت. قایمقامی مەخموور دەڵێت، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 85 هەزار تۆنمان لێوەربگرێت، لە کاتێکدا بەرهەمی سنوورەکەمان سێ هێندەیە.
رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "جووتیارانی سنوورەکەمان بەردەم سایلۆی مەخمووریان گرتووە و ناڕەزایی دەردەبڕن لە دژی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئەو بڕەی کە دیاریکردووە بۆ وەرگرتنی گەنم."
مەخموور لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە؛ رزگار محەممەد گوتی: "حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە هۆبەکانی سنووری نەینەوا بڕی 103 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت، لەو بڕەش 85 هەزار تۆن بەر سنووری مەخموور دەکەوێت و بۆ هەر دۆنمێکی مەخموور 371 کیلۆگرامی دیاریکردووە، بەڵام کۆی بەرهەم لەم سنوورە سێ ئەوەندەی ئەو بڕەیە کە دیاریکراوە."
بە گوتەی قایمقامی مەخموور، دەرگەی سایلۆکانیان کردووەتەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، "بەڵام تائێستا هیچ بڕە گەنمێکمان وەرنەگرتووە، چونکە جووتیاران دەڵێن، بەم شێوەیە گەنمەکانمان رادەست ناکەین و دەبێت حکومەتی عێراق بڕێکی زیاتری گەنمەکانمان وەربگرێت، ئێمەش داواکاریی جووتیارانمان گەیاندووەتە سەرووی خۆمان و چاوەڕێی وەڵامین."
یەکێک لە جووتیارە ناڕازییەکان لە بەردەم سایلۆی مەخموور بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "بە ئاشکرا ناحەقیمان بەرامبەر دەکرێت، شەرگات کە چەند کیلۆمەترێک لێمانەوە دوورە، بۆ هەر دۆنمێک نزیکەی 800 کیلۆگرام دیاریکراوە."
زەوییە کشتوکاڵییەکانی قەزای مەخموور نەخراونەتە نێو پلانی کشتوکاڵیی ئەم ساڵی حکومەتی فیدراڵییەوە، بەڵام رۆژی 17ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی دەربڕی گەنمی جووتیارانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی لە قەزای مەخموور وەربگیرێت.
بە گوێرەى ئامارى فەرمیى دەزگەى ناوەندى ئامارى عێراق، ساڵى 2024، پێنج ملیۆن و 234 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهێنراوە، نەینەوا بە بەرهەمهێنانى یەک ملیۆن و 394 هەزار تۆن لە ریزبەندی یەکەم بووە.
بۆ ساڵى 2025، پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵ بوو بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ