کوردستان
عیماد جەمیل پێیوایە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان دەکرێت.
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بەپێی دوایین ئامار تاوەکو رۆژی 23ـی ئەم مانگە 20 هەزار و 67 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە، دەشڵێت ژمارەی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە 3 ملیۆن و 641 هەزار دەنگدر.
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، رەنگە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکات، کە زۆرینەی ئەگەرەکان ئەوەی مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت.
رۆژی 24-7-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە کۆمیسیۆن چاوەڕوانی رێکارەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و مەرسومی سەرۆکایەتی دەکەین بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی دەست بە رێوشوێنەکان بکەین."
عیماد جەمیل پێیوایە بە ئەگەری زۆرەوە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان دەکات، ئەگەر نا هەرچەند دوابکەوێت ئەوا کاریگەریی لەسەر پاشخستنی ئەو وادەیەش هەیە کە کۆمیسیۆن دیاریکردووە کە مانگی شوباتی ساڵی داهاتووە."
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە بەپێی پێشبینییەکانیان هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی 2024 دەبێت و گوتی: "ئەگەری زۆرە مانگی شوبات بکرێت، بەڵام ئەو وادەیە کە کۆمیسیۆن دیاریکردووە واتە 18ـی شوبات یان پێش و پاشتر ئەوە چەند رۆژی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە."
جومانە غەلای، شەوی دووشەممە نوێترین ئامارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و تۆماری دەنگدەران و نوێکردنەوەی تۆمار و چەندین زانیاریی دیکەی دایە (رووداو) کە بەمشێوەیەیە:
پارێزگاری هەولێر:
یەک ملیۆن و 312 هەزار و 601 کەس
- نوێکردنەی تۆماری دەنگدەران: 7 هەزار و 183 دەنگدەر
- ژمارەی بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدان: 53 بنکە
- تۆماری بایۆمەتری: 4 هەزار و 849 دەنگدەر
- زیادکردن: 306 دەنگدەر
- چاککردنەوەی ناو و زانیاریی: 198 دەنگدەر
- گواستنەوە و گۆڕین: هەزار و 530 دەنگدەر
- سڕینەوە: دوو دەنگدەر
- تۆمارکردنی ئاوارەکان: 300 دەنگدەر
-تۆمارکردنی لەدایکبووانی ساڵی 2005: 611 دەنگدەر
پارێزگای سلێمانی:
- کۆی گشتیی دەنگدەران: 1 ملیۆن و 441 هەزار و 855 دەنگدەر
- بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران: 79 بنکە
- نوێکردنەی تۆماری دەنگدەران: 7 هەزار و 342 دەنگدەر
- تۆماری بایۆمەتری: 5 هەزار 379 دەنگدەر
- زیادکردن: 278 دەنگدەر
- چاککردنەوە: 63 دەنگدەر
- گواستنەوە و گۆڕین: هەزار و 399 دەنگدەر
- سڕینەوە: 23 دەنگدەر
- تۆمارکردنی ئاوارەکان: 223 دەنگدەر
- تۆمارکردنی لەدایکبووی ساڵی 2005: 693 دەنگدەر
پارێزگای دهۆک:
- کۆی گشتی دەنگدەران: 887 هەزار و 110 دەنگدەر
- بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران: 41 بنکە
- نوێکردنەی تۆماری دەنگدەران : 5 هەزار و 542 دەنگدەر
- تۆماری بایۆمەتری : 5 هەزار و 94 دەنگدەر
- زیادکردن: 218 دەنگدەر
- چاککردنەوە: 24 دەنگدەر
-گواستنەوە و گۆڕین: 96 دەنگدەر
- سڕینەوە: 8 دەنگدەر
- تۆمارکردنی ئاوارە: 110 دەنگدەر
- تۆماکردنی لەدایکبووی ساڵی 2005: 737 دەنگدەر
رۆژی 09-10-2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی 2023 درێژکردەوە، رۆژی 30-05-2023 دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە."
رۆژی 10ی تەممووز، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا داوای کرد، ئەگەر ناتوانن 18-11-2023 هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن، ئەوە رۆژی 18ی کانوونی یەکەم و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەببەن.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 18-07-2023 بە نووسراوی فەرمی وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند: "پێتان رادەگەیێنین کە کۆمیسیۆن بڕیاری ژمارە 9ی لە کۆنووسی ئاسایی 24 لە 18-07-2023 دەرکردووە کە تێیدا پێشنیاز دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 18-02-2024، یان دوای ئەو رێکەوتە بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ