رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیرانی دەرەوە و وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، باس لە پێویستیی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگییەکان لەو بوارەدا کراوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-08-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. وەکو لە راگەیێندراوی حکومەتدا هاتووە، باسیان لە هەناردەکردنەوەی نەوت، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری کردووە.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، وەکو لە راگەیێندراوەکەیشدا هاتووە، باس لە "پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە [کراوە]، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت، زیانی بە هەموو لایەک گەیاندووە."

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلپئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئامادەی بوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتیارانی هەردوولا کردەوە.
لەبارەی پڕۆژەی "رێگەی پەرەپێدان" و بەستنەوەی عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و جیهان لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە، مەسرور بارزانی جەختی لە ئەنجامدانی پڕۆژەکە بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە بەشێوەیەک کە لە "بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتی و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت."

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، "وەزیری دەرەوەی تورکیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی."
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ رۆژنامەڤانان قسەیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ