دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پێشوازی لە جێگری سەرۆكی ئاكپارتی کرد؛ "گەشە بە پێکەوەژیان بدرێت"

24-08-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ یەكشەمە 24-8-2025، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری هەولێر، پێشوازی لە زەفەر سراكایا، جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا و شاندی یاوەری كرد.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لە دیدارەکەدا د. جوان ئیحسان و د. یوسف گۆران، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سالار لالە سەرحەد، ئەندامی سەركردایەتی ئامادەی بوون، گفتوگۆكرا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و "هەوڵەكانی یەكێتی لەپێناو سەركەوتنی پرۆسەكە" و پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و توركیا و باردۆخی سیاسیی ناوچەكە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئاماژەی بەوەكردووە، "یەكێتی لە سەرەتاوە پشتیوانی تەواوی بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەربڕیوە، هەمیشە پشتیوانیش لە بژاردەی ئاشتی دەكات كە سەرۆک مام جەلال لە ساڵی 1991 بەردی بناخەكەی دانا".
 
لای خۆیەوە، زەفەر سراكایا، جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا، بەپێی راگەیێندراوەکە، "خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە دیدارەكە، كە لەم كاتە گرنگەدا لە هەرێمی كوردستان یەكێتی و ئاكپارتی كۆدەبنەوە بۆ فراوانكردنی ئاسۆی پەیوەندییەكانیان".
 
جێگری سەرۆكی ئاکپارتی رایگەیاندووە، "لە هەندێك قۆناخی كاركردن، باڵانسی پەیوەندییەكانی توركیا و یەكێتی گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، بەڵام پێویستە بە حیكمەتی مام جەلال و كاك كۆسرەت لەڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە كێشەكان بگەنە چارەسەر، سەردانەكەشمان بۆ بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەو چوارچێوەیەدا هەڵبسەنگێندرێت".
 
جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، "سوپاسی پاڵپشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد لە پرۆسەی ئاشتی توركیا و چەكدانانی پەكەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی".
 
پرسی داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، تەوەرێكی دیکەی گفتوگۆكان بووە، جەخت لە چارەسەركردنی ئەو گرفتە كرایەوە لە داهاتوو لەڕێی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە، راگەیێندراوەکە وا دەڵێت.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، "لە دیدارەكەدا هەردوولا هاوڕابوون كە، سەقامگیری سیاسی زامنی سەقامگیری ئابووری و كۆمەڵایەتی دەكات، هەروەها پێكەوەژیانی ئاشتییانەی كورد و عەرەب و تورك و سەرجەم پێكهاتەكان لە ناوچەكە پێویستە پارێزگاری لێبكرێت و گەشەی زیاتری پێبدرێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.