کارەبای دهۆک: نزیکەی 320 ملیار دینار قەرزمان لای هاوبەشانە

24-11-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک رایدەگەیێنێت، نزیکەی 320 ملیار دینار قەرزی کارەبا لای هاوبەشانە. هاوکات ئاشکرای دەکات، 140 هەزار هاوبەش لە پارێزگاکە بوونەتە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری و بەهۆیەوە زیاتر لە 400 موەلیدە کوژێنراونەتەوە.

ئەندازیار حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند، لە کۆی نزیکەی 360 هەزار هاوبەش، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 140 هەزار هاوبەش لە سەنتەری دهۆک و دەوروبەری و ناحیەی چەمانکێ خراونەتە نێو پڕۆژەی (رووناکی) و کارەبایان بووەتە 24 کاژێری؛ دەشڵێت: "ئامادەکارییەکان لە قەزای سێمێلیش دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی بخرێتە نێو پڕۆژەکەوە."
 
بە گوێرەی ئامارەکانی کارەبای دهۆک، ئەو شوێنانەی نەکەوتوونەتە نێو پڕۆژەی (رووناکی)، رۆژانە تەنیا 11 بۆ 12 کاژێر کارەبای نیشتمانییان هەیە.
 
سەبارەت بە "سوودەکان"ـی پڕۆژەی (رووناکی)، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک گوتی، "زۆرینەی هاوبەشان پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو بڕەی پێشتر بۆ موەلیدە و نیشتمانی دەیاندا"، جگە لەوەی "زیاتر لە 400 موەلیدەی ئەهلی لە سنوورەکە لەکارخراون، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمکردنەوەی ژاوەژاو و پیسبوونی ژینگە هەبووە."
 
خاڵێکی دیکە کە بەرپرسەکەی کارەبای دهۆک ئاماژەی پێدا، زیادبوونی بەکارهێنانی وزەی خۆرە و گوتی: "نزیکەی 800 هاوبەش خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەکارهێنانی وزەی خۆر (سۆلار)، کە دەکاتە نزیکەی 10 مێگاوات کارەبا."
 
بە گوێرەی دابەشکارییەکان، لەو 800 هاوبەشە 400ـیان لە سەنتەری دهۆک و دەوروبەرین و 400 هاوبەشیشیان لە سنووری بەردەڕەش و سێمێلن.
 
لەبارەی قەرزەکانی کارەبا، ئەندازیار حازم محەممەد گوتی: "بەگشتی نزیکەی 319 ملیار دینار پارەی قەرزی کارەبا لای هاوبەشانە لە هەموو پۆلەکاندا، ئەمەش بێجگە لە قەرزی سەر کامپەکان کە ئەویان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە."
 
کارەبای دهۆک هۆکاری دواکەوتنی پسووڵەی کارەبا بۆ خستنەگەڕی سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنیی فرۆشتنی وزە گەڕاندەوە و رایگەیاند، "سیستمەکە زۆر پێشکەوتووە و تەنیا بۆ فرۆشتنی وزە نییە، بەڵکو کار ئاسانی زۆر دەکات."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە