رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ساڵانە لەم پارێزگایەدا 27 هەزار تۆن هەنگوین بەرهەم دێت، ئەمەش 22٪ی کۆی بەرهەمی هەنگوینی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە.
خوسرەو شەهبازی، سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، رۆژی 24-01-2024 رایگەیاند، لەم پارێزگایەدا یەک ملیۆن و 500 هەزار پورەی هەنگ هەن، کە 27 هەزار تۆن هەنگوینی کوالێتی بەرز بەرهەم دێنن، بەڵام پێویستە کۆسپەکانی بەردەم هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە نەمێنن.
بەگوتەی خوسرەو شەهبازی، 6 هەزار و 273 کەس لە کەرتی هەنگداری کاردەکەن.
لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە پارێزگای کرماشانیشدا بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کشتوکاڵ، پار 8 هەزار تۆن هەنگوین بەرهەم هاتووە، بۆ ئەم ساڵ پێشبینی دەکرێت، بەرهەمی هەنگوین زیاتر لە 8 هەزار تۆن بێت.
سیروس نەورۆزی، بەرپرسی رێکخراوی کشتوکاڵی کرماشان دەڵێت، "هەنگوینی پارێزگای کرماشان لە ئاستی ئێراندا یەکێک لە باشترین جۆرەکانی هەنگوینە و هۆکاری ئەمەش بۆ جوگرافیا و رووبەرێکی زۆری باخ لەم پارێزگایەدا دەگەڕێتەوە."
عەلی داوەری، بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستانیش، رۆژی 15-12-2023 رایگەیاندبوو، ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی هەنگوین بەراورد بە پار 5٪ زیادیکردووە و 3 هەزار و 789 تۆن بەرهەم هاتووە.
بەڵام لە پارێزگای سنە بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کشتوکاڵ، ئەم ساڵ بەراورد بە پار بەرهەمهێنانی هەنگوین 21٪ کەمیکردووە و هەزار و 869 تۆن هەنگوین بەرهەم هاتووە.
ئەحمەد محەممەدی، جێگری بەرپرسی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام، ماوەیەک لەمەوبەر گوتی، ساڵانە لەم پارێزگایە نزیکەی هەزار و 650 تۆن هەنگوین بەرهەم دێت و چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی ئەم ساڵیش هەر ئەوەندە بێت.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی فاو، ئێران پلەی سێیەمی بەرهەمهێنانی هەنگوینی لە ئاستی جیهاندا هەیە و ساڵی 2022 نزیکەی 77 هەزار تۆن هەنگوین لەو وڵاتەدا بەرهەم هاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ