نوخشە ناسیح: دوای جەژن بەردی بناخەی رێگەی سازان دادەنێین

25-03-2025
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، دەڵێ پلانێک بۆ کەرتی گەشتیاریی هەڵەبجە ئامادە کراوە، کە هۆتێل، مۆتێل و شوێنی گەشتیاری تێدایە و سەیرانگەی ئەحمەدئاواش دەگرێتەوە.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 25-3-2025) نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان بۆ گەڕەکەکانی هەڵەبجە هەیە و دەمانەوێت جێبەجێیان بکەین، لەوانە قیرتاوکردنی رێگەکانی دەرەوەی هەڵەبجە؛ کە دوو رێگەیان بەهۆی دەروازە سنوورییەکانەوە گوشاری زۆریان لەسەرە."
 
دەشڵێت، ئێستا چەند وەبەرهێنەرێک خەریکن وەبەرهێنان لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی ناوچەکەدا بکەن، "پلانی سەرەکیمان ئەوەیە؛ هەموو کارئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەرەکان دەکەین."
 
لە هەرێمی کوردستان، بڕیار بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی گەشتیاری دەرچووە؛ لەبارەی پڕۆژە گەشتیارییەکانی پارێزگەی هەڵەبجەوە نوخشە ناسیح گوتی "پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە ئامادەسازیدایە، پرۆپۆزەڵی بۆ وەبەرهێنان و گەشتیاریی هەڵەبجە لە بەری عەبابەیلێ پێشکێش کردووە. هۆتێل و شوێنی گەشتیارییە و لە ئەحمەدئاواش بە هەمان شێوە، بەڵام جارێ رێکارە ئیدارییەکانی تەواو نەبوون."
 
بەپێی داتاکانی شارەوانیی هەڵەبجە، ساڵی رابردوو بە گوژمەی دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار، پڕۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێکراون.
 
لەبارەی تەوێڵە و بیارەوە، نوخشە ناسح روونیکردەوە، "پڕۆژەی گەشتیارییان لێیە و پڕۆژەی کابینەکان تازە دروست کراون، بەڵام کێشەی ناوچەی تەوێڵە و بیارە رێگەیە، رێگەکانیان تەواو نین. بەردی بناخەی تووەقوتمان داناوە و ئیشی لێ دەکرێت، بەڵام هەندێک کێشەی هەیە و خەریکی ئەوەین کێشەکان چارە بکەین. دوو هەفتە پێش ئێستاش، بەردی بناخەی تەنگی شێخ محەممەد دانرا؛ لە رووی گەشتیارییەوە زۆر ستراتیجین، چونکە بە ناوچەی دەربەند و گەرمیانەوە دەمانبەستێتەوە."
 
سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکانی شووشمێ (تەوێڵە)، پشە و مڵەخوردەوە، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت گوتی "دەروازەی سنووریی تەوێڵە فەرمی نییە، بەڵام ئێستا لەبەر جەژن پاڵەپەستۆیەکی زۆری لەسەرە و خەڵک بە ئۆتۆمبێلی خۆی هاتووچۆ دەکات. لەو دەروازەیە هاتووچۆی بازرگانیش دەکرێت. مڵەخوردیش بۆ کاری بازرگانی بەکاردەهێنرێت. بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئیشمان کرد و تەوێڵەمان کردە دەروازەیەکی گەشتیاری؛ ئێستا لە رووی داهات و بازرگانییەوە بۆ حکومەت گرنگە و هاوکات هاووڵاتیش هاتووچۆ دەکات و کارێکی باش کراوە."
 
دوو دەروازەی سنووری؛ پشتە و شووشمێ (تەوێڵە) لەنێوان پارێزگای هەڵەبجە و ئێراندا هەن، کە هەردووکیان نیمچەفەرمین.
 
لەبارەی دەروازەی سازانەوە پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت ئاماژەی دا، "لەم دواییانە داوامان لە حکومەتی فیدراڵ کردووە دەروازەی سازانیش بکرێتەوە و خۆشبەختانە لە هەفتەی رابردوودا، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەڵێنی ئەوەیان پێداین، لە دوای جەژن بێن بەردی بناخەی رێگەی سازان دابنێن کە رێگەیەکی زۆر گرنگە لە رووی گەشتیاری و بازرگانیشەوە. دەتوانین، بڵێین ئێمە کارێکمان بۆ مەرزەکە بە بڕی 60 ملیار دینار کردووە و خەریکین بەرهەمی ئیشەکانمان دەچنینەوە."
 
ئێستا دەروازە سنوورییەکانی پشتە و شووشمێ، تەنیا لەکاتی دەوامدا کراوەن، ئەگەر دەروازە سنوورییەکان بکرێنە فەرمی، 24 کاژێر کراوە دەبن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە