رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژئاوای کوردستان، لایەنە کوردییەکان ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و کۆنفرانسی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت.
ئامانجی کۆنفرانسی نیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان بەهێزکردنی یەکڕیزی و چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانە سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق، کە ماوەیەکی درێژە بەردەوامن.
دکتۆر حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی؛ شاندەکانی دەم پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە رۆژئاوای کوردستانن و بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) سەرپەرشتیی کۆنفرانسەکە دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە، جگە لە هەموو نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان، نوێنەرانی گەڕەکە کوردییەکانی دیمەشق، حەلەب، حەما، باب و عەزازیش بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن.
شاندەکان لە باشوور و باکووری کوردستانەوە لە قامشلۆن
تەلال محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان، سەبارەت بە کۆنفرانسەکە بە رووداوی گوت، "بە بڕوای من، نزیکەی 400 نوێنەر لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەبن و ژمارەیەکی زۆر میوانیش بەشداری دەکەن. شاندێکی دەم پارتی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان و شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش هاتوونەتە رۆژئاوای کوردستان و ئەوانیش بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن. دەیان دەزگای میدیاییش بۆ کۆنفرانسەکە بانگهێشت کراون. کۆنفرانسەکە رووداوێکی مێژووییە، یەکەمجارە لە پارچەیەکی کوردستان کۆنفرانسێکی لەم شێوەیە بەڕێوەبچێت. هیوادارین لە بەرنامەکەماندا و لە کۆنفرانسەکەدا سەرکەوتوو بین. پێشبینی دەکەم کۆنفرانسەکە 2 - 3 کاژێر بخایێنێت."
لە کۆنفرانسەکەدا بەڵگەنامەی رێککەوتنی سیاسی بۆ 55 پارتی کورد دەخوێندرێتەوە، هەروەها بۆچوونی بەشداربووان وەردەگیرێت.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە سەبارەت بە کۆنفرانسەکە گوتی، "ئێمە بۆچوونی لایەنەکان وەردەگرین و ئەو پێشنیازانەی بە ئەرێنییان دەزانین، دەیخەینە سەر بەڵگەنامەکەمان. هیوادارین کۆنفرانسەکە ببێتە بنەمای ئەوەی زمان و گوتاری میلـلەتەکەمان یەک بێت. لەم کۆنفرانسەدا ئەندامانی شاندی [گفتوگۆ لەگەڵ] دیمەشق هەڵنابژێردرێن."
خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بە گەشبینییەوە چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نیشتمانیی رۆژئاوای کوردستانن.
"دەمانەوێت چیدی میلـلەتەکەمان یەکگرتوو بێت"
هاووڵاتییەک بەناوی نوورەدین خاشۆ گوتی، "ئیدی پێویستە خەڵکەکەمان لە سووریا بە مافەکانیان بگەن و زووڵم و ستەم کۆتایی پێبێت. راستە درەنگە، بەڵام هەر چوار پارچەی کوردستان پشتیوانیی ئەم کۆنفرانسە دەکەن. پێویستە مافی میلـلەتەکەمان لەدەست نەدەین، هیوادارین کۆنفرانسەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی بێت و یەکڕیزی لەناو میلـلەتەکەماندا دروست ببێت."
لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا دیوانی کۆنفرانس هەڵدەبژێردرێت، پاشان سەرکردەکانی رۆژئاوای کوردستان گوتار پێشکێش دەکەن. هەروەها نامەکانی پشتیوانی بۆ کۆنفرانسی نیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان دەخوێندرێنەوە.
لەکاتی خوێندنەوەی بەشەکانی بەڵگەنامەکەدا، کۆنفرانسەکە بەڕووی دەزگاکانی راگەیاندندا دادەخرێت. لە کۆتاییشدا، دوای پەسندکردنی بەڵگەنامەکە لەلایەن هەموو پارتەکانەوە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بەڵگەنامەکە دەخوێندرێتەوە.
کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەیانەوێت لەڕێگەی ئەم کۆنفرانسەوە مافەکانیان بەدەستبهێنن، لایەنە سیاسییە کوردییەکان خاوەنی یەک هەڵوێست بن و کۆتایی بە ستەمکردن لە کورد بهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ