رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی "DAAD"ـی ئەڵمانی رایگەیاند، دامەزراوەکەیان ئامادەکارى دەکات بۆ ئەوەى هەنگاو بنرێت بەرەو تۆمارکردنى فەرمیی هەرێمى کوردستان لە ناوچەى خوێندنى باڵاى ئەوروپا و پشتیوانیکردنى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی و هاوکاریکردنى پرۆژە هاوبەشەکانى نێوان زانکۆکانى هەردوولا.
رۆژی پێنجشەممە، 25-5-2023، ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پرۆفیسۆر جۆیبراتۆ موکێرجى، سەرۆکى دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى و د. سڤێن مۆسڵەر، جێگرى کۆنسوڵى گشتیى کۆمارى ئەڵمانیاى فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریان کۆبوونەوە.
لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و راوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان ئامادەی بوون، وەزیرى خوێندنى باڵا رایگەیاند، "مەبەستمانە هاوکارى و هاوئاهەنگییەکانمان بەردەوام بن بۆ کارى هاوبەشى نوێ و ستراتیژى لە بوارى خوێندنى باڵا دا، چونکە دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى هاوبەشێکى ستراتیژى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان و بەشدارێکى کاریگەرى ریفۆرمى کەرتى خوێندنى باڵایە."
روونیشیکردەوە، "چاوەڕوانین دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى هاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا بکات بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان بە فەرمى لە ناوچەى خوێندنى باڵاى ئەوروپا تۆماربکرێت، بەتایبەت دواى ئەوەى هەرێمى کوردستان هەنگاوی پێشچڤەچوونى بەرچاوى ناوە لە جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس و زانکۆکانیش ئێستا پێویستیان بە هاوکارى و پشتیوانیی زیاترە بۆ قووڵکردنەوەى پرۆگرامە بنەڕەتییەکانى بۆڵۆنیا پرۆسێس لە ناو سیستمى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان."
داواشی لە سەرۆکى دامەزراوەى "DAAD" کرد، بۆ بونیادنان و بەهێزکردنى بناخەى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان هاوکار بن "لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى کردەوە، وەکو رابردوو؛ داواکارین لە داهاتووشدا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنى زانکۆکانمان بۆ ئەنجامدانى کار و پرۆژەى زانستى هاوبەش لەگەڵ ئەڵمانیا".
دامەزراوەی "DAAD"ـی ئەڵمانی، کورتکراوەی"Deutscher Akademischer Austauschdienst (DAAD) "ە، دامەزراوەیەکە بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی لەسەر ئاستی جیهان، بارەگای سەرەکی لە بەرلینی ئەڵمانیایە و یەکێکە لەو دامەزراوانەی بوار بۆ خوێندنی خوێندکارانی وڵاتانی دیکە لە ئەڵمانیا دەڕەخسێنێت، جگە لە چەندین بواری دیکە.
پرۆفیسۆر جۆیبراتۆ موکێرجى، سەرۆکى دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى، رایگەیاند، "دامەزراوەى DAADئەڵمانى، هەرێمى کوردستان بە هاوبەشمى ستراتیژى خۆى دەبینێت، بۆ ئەمەش جەختیکردەوە کە دامەزراوەکەیان بۆ جێبەجێکردنی هەرسێ پێشنیازەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا هاوکارى سەرەکى دەبێت، بەتایبەت لە ئێستاوە ئامادەکارى دەکەن بۆ ئەوەى هەنگاو بنرێت بەرەو تۆمارکردنى فەرمیی هەرێمى کوردستان لە ناوچەى خوێندنى باڵاى ئەوروپا و پشتیوانیکردنى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی و هاوکاریکردنى پرۆژە هاوبەشەکانى نێوان زانکۆکانى هەردوولا."
بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکى دامەزراوەى DAADى ئەڵمانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستانى بانگهێشتکرد بۆ ئەوەى سەرۆکایەتى شاندێکى وەزارەت بکات بۆ سەردانى ئۆفیسى سەرەکى دامەزراوەى DAAD لە ئەڵمانیا، بەو ئامانجەى بە شێوەیەکى پراکتیکى کار بۆ ئەو نەخشەرێیانە بکرێت کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ