رووداو دیجیتاڵ
هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە گوایە هەر کەسێکی خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان یەکەیەکی نیشتەجێبوون بکڕێت، مافی مانەوەی بۆ 5 ساڵ پێ دەدرێت، بەڵام ئەفسەرێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆ ئەوە رەتدەکاتەوە.
هەواڵەکە لە شەوی رابردووەوە لە بەشێکی پەیجە عەرەبییەکان و بەشێک لە پەیجەکانی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان بە زمانی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "هەرکەسێک شوقە یان خانوویەک بە بڕی 50 هەزار دۆلار بکرێت، مافی نیشتەجێبوون (ئیقامە)ی 5 ساڵ لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە ئەفسەرێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەواڵەکە لەلایەن هەندێک بازرگانی خانووبەرەوە بۆ چەواشەکردنی خەڵک و بازرگانیکردن پێیەوە بڵاوکراوەتەوە و ناڕاستە."
ئەو ئەفسەرەی وەزارەتی ناوخۆ کە ئاگاداری رێکارەکانی وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوونە گوتی، "تاوەکو ئێستا نە بەڕێز سەرۆکوەزیران و نە وەزیری ناوخۆ هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیەیان نەداوە، کە بە کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون کەسی بیانی مافی مانەوەی پێنج ساڵ وەربگرێت."
لە هەرێمی کوردستان وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوون و مانەوە چەندین رێکاری هەیە. بۆ نوێترین رێکارەکان کلیک بکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ