بە ڤیدیۆ؛ لە کەرکووک 17 کەس هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک

25-05-2025
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
ساتی هێرشەکە.
ساتی هێرشەکە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرمانبەرێکی خانەنشین و ئەندامانی خێزانەکەی لە شاری کەرکووک، لەلایەن گرووپێکەوە رووبەڕووی هێرشێک بوونەوە کە نزیکەی 17 گەنج بوون، ئەوەش ناڕەزایەتی و پرسیاری لەسەر رێوشوێنە ئەمنییەکانی شارەکە و خێرایی وەڵامدانەوەی پۆلیس دروستکردووە.
 
عومەر فارووق، فەرمانبەری خانەنشین، بۆ رووداوی گێڕایەوە کە چۆن ئەو رووداوە سەرەتا بەهۆی "کێشەیەکی بچووکی" هاتووچۆوە دەستیپێکردووە. فارووق گوتی: "لە کاتی گەڕانەوەم بۆ ماڵ، ماتۆڕسوارێک پێچی پێدا کردم و لێمان بووە دەمەقاڵێ."
 
بەڵام دۆخەکە بەخێرایی پەرەی سەندووە. عومەر فارووق دەڵێت: "ماتۆڕسوارەکە تا ماڵ بەدوامەوە بوو. دواتر لەگەڵ هاوڕێکانیدا گەڕایەوە و بە دار، ئاسن، دامبۆکس، شەق و مست هێرشیان کردە سەرمان."
 
پیاوە خانەنشینەکە باسی ساتی هێرشەکەی کرد و گوتی: "نزیکەی 20 بۆ 25 خولەک لەگەڵ ئەوانە شەڕمان کرد. ئێمە بە دەستی بەتاڵ و ئەوان بە دار و ئاسن و دامبۆکسەوە. کاژێر 11:48 خولەک تەلەفۆنمان بۆ پۆلیس کرد، دوای 40 خولەک گەیشتن، کە ئێمە لێدانێکی زۆرمان خواردبوو، تەواو ماندوو کرابووین و هەموو گیانمان شێوا بوو."
 
 
گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری ماڵانی دەوروبەر، کە دەست رووداو کەوتوون، پێشانی دەدەن کە هێرشکارەکان چۆن بێبەزەییانە لە عومەر فارووق، هاوژینەکەی و بووکەکەی دەدەن و دواتر هەڵدێن.
 
پۆلیسی کەرکووک تا ئێستا سێ کەسی لە کۆی ئەو 17 هێرشکارە دەستگیرکردووە. بە گوێرەی زانیارییەکان، هێرشکارەکان خەڵکی رەسەنی کەرکووک نین.
 
ئەم رووداوە نیگەرانی و رەخنەی تووندی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراقی لێکەوتووەتەوە. ساڵحی بە رووداوی راگەیاند: "رێکارە ئەمنییەکان تا ئێستا رێکاری جیددی نین. تەنیا سێ لەو کەسانە گیراون و ئەوانەی دیکە بە ئازادانە دەسووڕێنەوە و لەو شوێنانە نیشتەجێن کە لای هێزە ئەمنییەکان تۆمارنەکراون."
 
ساڵحی هۆکاری ئەم دۆخەشی بۆ "خەمساردی" گەڕاندەوە و گوتی: "هۆکاری ئەمەش خەمساردییە، چونکە هەرکەسێک بیەوێت دێتە کەرکووک و نیشتەجێ دەبێت بەبێ رێکار و وردبینی کردن."
 
لەلایەکی دیکەوە و پەیوەست بە دۆخی ئەمنی شارەکە، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک رایانگەیاند کە شەوی رابردوو، لە چوارچێوەی چوار هەڵمەتی گەڕان و پشکنین لە گەڕەکەکانی شارەکەدا، 30 کەسیان دەستگیرکردووە. بەگوێرەی راگەیەندراوی پۆلیس، ئەو کەسانە بێ ناسنامە بوون و بە تۆمەتی دزی و ئاژاوەگێڕی داواکراو بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.