نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا: پێشبینی دەکرێت بەرھەمی ئەم ساڵی گەنم 850 ھەزار تۆن بێت

25-05-2025
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا.
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک دەستیپێکرد و نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا لە رووداو رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سێ سایلۆ گەنم وەردەگیرێت و ئەم پرۆسەیە تاوەکو 40 رۆژ بەردەوام دەبێت. پێشبینی دەکات بەرهەمی ئەم ساڵی گەنم بگاتە 850 هەزار تۆن و زیاتریش.
 
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، دوو رۆژە وەرزی دروێنەی گەنم دەستی پێکردووە و بەرھەمەکە باشە، ھیوای خواست حکومەتی عێراق بتوانێت ھەموو بەرھەمی گەنم لە جووتیاران وەربگرێت.
 
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە گەنمی جووتیاران بە نرخی پشتگیریکراو وەربگرێت. نرخی جیھانی لە دەوروبەری 400 ھەزار دینارە بۆ ھەر تۆنێک، بەڵام نرخی پشتگیریکراو نزیکەی 800 ھەزار دینار دەبێت.
 
عەبدوڵلا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند "دوای ئەو کۆبوونەوانەی کراون، لەگەڵ ئەو ھەوڵانەی کە لەلایەن پارێزگارەوە دراون، بەغدا بڕیاری داوە نرخی گەنمی وەرگیراو لە جووتیاران، ئەوانەی کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پێشتر لە پلانی کشتوکاڵیدا دەریخستبوون، بە نرخی پشتگیریکراو وەربگیرێت."
 
دەربارەی بەرھەمی ئەم ساڵ، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا، ساتع ناسیح گوتی 550 ھەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە کە لە ناو پلانی کشتوکاڵیدایە و 300 ھەزار دۆنم زەوییش کە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیدا چێنراوە، واتە بە گشتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک 850 دۆنم زەوییە و پێشبینی دەکرێت بەرھەمی ئەم ساڵ 850 ھەزار تۆن گەنم بێت و دەکرێت زیاتریش بێت.
 
دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە کەرکووک دوای ئەوە بوو، کە کێشەی گەنمی زەوییەکانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی چارەسەر کرا. حکومەت ئامادە نەبوو ئەو گەنمە وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵیی کەرکووک داواکارییەکی ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ کرد.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی کەرکووک گوتی "رەزامەندیی وەزارەتی کشتوکاڵی گەیشتووەتە ئەوەی کە گەنمی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی بە ھەمان پێوەرەکانی وەرگرتنی گەنمی ناو پلانی کشتوکاڵی وەربگیرێت، کە رووبەرەکەی نزیکەی 300 ھەزار دۆنمە و زۆربەی ھی جووتیارە کوردەکانە."
 
نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا دەڵێت، راستە گەنمی ئەو 300 ھەزار دۆنمە وەردەگیرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ناوی ئەو جووتیارانە لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە نەگەڕاوەتەوە فەرمانگەی کشتوکاڵیی کەرکووک، لەبەر ئەوە ئەم ھەفتەیە ناتوانن بەرھەمەکەیان ببەن بۆ ئەو سایلۆیانە.
 
ساتع ناسیح گوتی، کێشەیەکی دیکەی جووتیارانی کورد لە کەرکووک ھەیە، ئەویش نەبوونی سایلۆیە لە ناوچە کوردنشینەکان، دەڵێت زیاتر لە 9 ھۆبەی کشتوکاڵیی لە ناوچە کوردییەکان ھەیە و ھەموویان ناچارن بەرھەمەکەیان ببەن بۆ سایلۆی کەرکووک و ئەمەش بەس نییە، لەبەر ئەوە داوا دەکەن نوێنەرانی کورد لە بەغدا کار لەسەر درووستکردنی سایلۆ لە دوبز و ناحیەی شیوەن بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.