رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، ئێستا تەنیا لە یەک شوێنی هەولێر کامێرای خاڵ بۆ خاڵ هەیە، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا لە سەرجەم شەقامەکانی 120مەتری، 150مەتری و رێگەی هەولێر-دهۆک کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگە خێراکان دادەنرێت، رێگەکانی دیکەش بە کامێرای ئاسایی چاودێریی دەکرێن".
بە گوتەی فازڵ حاجی، لەو ماوەیەدا کە کامێرای تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لە بەشێکی شەقامی 120مەتری دانراوە، هیچ رووداوێکی هاتووچۆ رووینەداوە.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، زۆر سەرپێچیی دیکە هەن، بەڵام لەبەرئەوەی بڕی سزاکەی کەمە، شۆفێران گوێی پێنادەن، بەڵام لەبەرئەوەی سزای کامێرا زۆرە، سەرپێچی لە خێراییدا کەمترە.
لەبارەی رووداوەکانی هاتووچۆشەوە گوتی، ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆ دڵخۆشکەرنین، تەنیا ئاماری هەفتەی رابردوو بە نموونە وەربگرن 'تۆقێنەرن'، زۆربەی رووداوەکان لەو کاتانەدا روودەدەن، کە هاونیشتمانییان بۆ پشوودان دەچنە دەرەوە.
لە هەولێر یەک ملیۆن و 135هەزار ئۆتۆمبێل هەن. فازڵ حاجی دەڵێت، "لە هاوین رووداوەکان زیاتر دەبن، لەبەرئەوەی مرۆڤ لە گەرمادا تووڕە دەبێت، هەروەها سیستمی ئۆتۆمبێلەکانیش بە گەرما هەندێجار کارناکەن، قیڕ شل دەبێتەوە و جادەوبانیش وەکو پێویست هاوکار نابن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ