کوردستان
پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، دیار نییە، کێ ئەو بۆمبەی داناوەتەوە و کەسیش بە تۆمەتی دانانەوەی دەستگیر نەکراوە.
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، بەیانیی ئەمرۆ هێزەکانیان بۆمبێکی چێنراوی دروستکراوی نێوخۆیان پووچەڵکردووەتەوە، کە لە نزیک گەراجی بەغدای شارەکە دانرابوو، دەشڵێت، ئەو کەسەی یان کەسانەی بۆمبەکەیان دانەوەتەو، پێدەچێت ناشارەزا بن.
رۆژی سێشەممە 25-7-2023، موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک، لەبارەی ئەو بۆمبەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانمان توانییان بۆمبێکی چێنراوی دروستکراوی نێوخۆ پووچەڵ بکەنەوە، کە لەنێو پاشماوەی زبڵ و خاشاک لە تەنیشت شۆستەیەکی نزیک لە گەراجی بەغدای شاری کەرکووک دانرابوو و ئامادەکرابوو بۆ تەقاندنەوە."
موقەدەم عامر نووری گوتی: "بۆمبەکە دروستکراوی نێوخۆییە، پێکهاتبوو لە دوو گوللە هاوەن کە بەیەکەوە بەسترابوون، بەڵام شێوازی بەستنەکە و دانانەکە دەریدەخات ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە شارەزایی زۆریان لەو بوارە نییە، هێزەکانی ئێمە لەماوەیەکی کەمدا توانییان بۆمبەکە پووچەڵ بکەنەوە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەدا تاوەکو ئێستا دیار نییە، کێ ئەو بۆمبەی داناوەتەوە و کەسیش بە تۆمەتی دانانەوەی دەستگیر نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ