رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک بانگەشەی بۆ هاوپەیمانێتییەکەی کرد و دەڵێ: "بەرگری لە مافی خەڵك دەکەین".
موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لەگەڵ ئیبراهیم نامس، وەزیری پەروەردەی عێراق و ئەندامانی هەڵمەتی بانگەشەی حیزبەکە لە کەرکووک سەردانی ماڵی سەیدەکانی نەعیمی کرد و لەگەڵ سەدام نەعیمی، بەربژێری هاوپەیمانێتییەکە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، سوفیان عومەر عەلی نەعیمی، ئەمیری هۆزی نەعیم و ژمارەیەک لە شێخ و پیاوماقووڵانی کەرکووک ئامادەبوون.
نووسینگەی هاوپەیمانیی عەزم لە راگەیێنراوێکدا دەڵێ: "تاوتوێی دۆخی پارێزگاکە و پێداویستییە خزمەتگوزاری و پەرەپێدانەکانی کرا و جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوپەیمانیی عەزم و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاووڵاتییان کرایەوە".
راشیگەیاندووە: "ئامادەبووان پشتیوانیی خۆیان بۆ پڕۆژە و بەرنامە و سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکە دەربڕی، متمانەیان بە توانای هاوپەیمانییەکە بۆ نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی کەرکووک و بەرگریکردن لە مافە نیشتمانییەکانیان لە قۆناخی داهاتوودا دووپاتکردەوە."
موسەننا سامەڕائی، جەختی لە پشتیوانیی تەواوی سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکە بۆ بەربژێرەکانی کەرکووک کردەوە و "متمانەی خۆی بە توانای ئەوان بۆ نوێنەرایەتیکردنی پارێزگاکەیان بە ئەمانەت و بەرپرسیارێتی و هەوڵدانی جیدی بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی خەڵکەکەی لە پەرەپێدان و سەقامگیریدا" دووپاتکردەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، "قۆناخی داهاتوو پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و چڕکردنەوەی کاری مەیدانی هەیە بۆ گەیاندنی پەیامی هاوپەیمانییەکە کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی و توانادان بە پارێزگاکان بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستووری و پەرەپێدانەکانیان دامەزراوە."
لە کەرکووک 250 بەربژێر، کێبڕکێ لەسەر 12 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن، جگە لە کورسییەکی کۆتای کریستیان.
بەهۆی ناکۆکییەوە عەرەبە سوننەکانی کەرکووک، ئەمجارە بە چوار هاوپەیمانێتی و دوو لیستەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320یان گشتی و 9یان کۆتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ