98 کتێبخانەی عەرەبی لە پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب بەشدارن

25-11-2023
هۆرڤان رەفعەت
پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پێنجەم ساڵە لە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ کتێب ساز دەکرێت. 15 وڵاتی جیهان، لە پێشانگەکە کتێبەکانیان نمایش کردووە، ئەو کتێبانەی بە عەرەبی نوسراون و وەرگیڕدراون زۆرترین شوێنیان لە پێشانگەکەدا گرتووە.
 
عەبدوڵڵا حوسێن، لە سعودیەوە سەردانی سلێمانیی کردووە، بەڕێوبەرایەتیی کتێبخانەیەکی عەرەبی دەکات. دەڵێت، کتێبەکانیان بازاڕێکی زۆر باشیان هەیە. 
 
عەبدوڵڵا حوسێن، بەڕێوەبەری کتێبخانەی دارولروشدی سعودی دەڵێت، "ناونیشانى کتێبەکان بەگشتى، کتێبن لەبوارى تەفسیر و خوێندنەوە، کتێبی تێدایە لەسەر زانستى قورئان، کتێبى تێدایە لەسەر فەرموودەکان. لەسەر ئوسوڵى فیقهـ، کتێبى تێدایە لەسەر عەقیدە، لەگەڵ ژیانى پێغەمبەران." 
 
کەمال عەبدولهادی، بەڕێوبەری کتێبخانەی دارولبەشیری ئیماراتی دەڵێت، "لە یەکەم پێشانگەى کتێبەوە ئێمە بەشداریمان کردووە، بەویستى خودا ئەمە جارى پێنجەمە، بەهیواى ئەوەى خودا بەرەکەتى تێبخات و گەیاندنى زانست و فیقهى دروست ئاسان بکات بۆمان بۆ گەنجانى میللەتەکە، لەسەر رێرەوی راست." 
 
سامر ئیبراهیم خەڵکی عێراقە، مامۆستایەکی ئایینی شیعەیە، سێیەم کتێبخانەن کە بەرهەمەکانیان سەرجەمی نوسراوی نوسەرە شیعەکانن، دەڵێت بەرهەمەکانیان پێشوازییەکی باشیان لێکراوە.
 
سامر بەڕێوبەری کتێبخانەی دارولبەیزائی عێراقییە و دەڵێت، "لە رۆژى یەکەمەوە، لە دوێنێوە، سەردانیکارێکى زۆر هەبووە، لەبەر ئەوەى هەندێک لە توێژەران لە رۆشنبیران و ئەکادیمیستەکان پەرۆش بوون بۆ ئەوەی بێنە ئێرە، ئەوان پێشتر بەدواداچونیان هەبووە، بۆیە کە هاتن و ئەمانەیان بینى کتێبیان کڕى."  
 
میسر بە 52 کتێبخانە و عێراق بە 20 و سووریا بە 11 کتێبخانە لە پێشەنگی زۆرترین کتێبخانەی عەرەبین. دوای ئەوانیش، ئیمارات، ئوردن، کوێت، مەغریب و لوبنان دێن کە بەکۆی گشتی 98 کتێبخانە لە کۆی 200 کتێبخانە بەشداربووەکەی پێشانگەکە پێکدەهێنن.
 
مەلا هەژار، گوتاربێژ و پێشنوێژخوێنی مزگەوتێکی زاخۆیە؛ سەردانی پێشانگەکەی کردووە و دەڵێت بایی نزیکەی 800 دۆلار کتێبی کڕیوە. 
 
مەلا هەژار محەممەد بە رووداوی گوت: "من نزیکەی شەش کاژێر رێگام بڕیوە هەتاوەکو بگەمە سلێمانی، لە هەموو شوێنێک ئەو کتێبانەم دەست ناکەوێت و ساڵێ جارێک ئەم دەرفەتە هەیە بۆیە هاتووم ئەو کتێبانە بکڕم."
 
پێشانگەکە جگە لە کتێبی عەرەبی و کوردی، ژمارەیەکی زۆر کتێبی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی و فەرەنسیش تێدایە، کە ئەوانیش کڕیاری خۆیانیان هەیە. 
 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە