رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نەخۆشخانەکە بە ماددەی دژەڤایرۆس پاکدەکرێتەوە و لەدوای سەری ساڵی 2021ـەوە وەک نەخۆشخانەی چارەسەری کۆرۆنا نامێنێت.
رۆژەی هەینی 2020/12/25 بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی رزگاری رایگەیاند کە بەیانیی رۆژی شەممە 2020/12/26 نەخۆشخانەکە بە ماددەی دژەڤایرۆس پاکدەکرێتەوە.
لە ئاگادارییەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوای پشووی سەری ساڵی 2021 هەموو بەش و نهۆمەکان و ژوورەکانی نەشتەرگەری دەکرێنەوە.
بە گوێرەی ئاگادارییەکە لەمەودوا هەموو جۆرە نەخۆشێک دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەکە بکەن و ئیدی تایبەت نابێت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا.
نەخۆشخانەى فێرکاریی رزگارى لە ساڵى 1979 بەردى بناخەى دانراوە. لە ساڵى 1984دا دوای تەواوبوونی پرۆژەکە، دەستى کردووە بە پێشوازیکردن لە نەخۆش.
هاوکات رۆژی هەینی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 164 تووشبووی نوێ دەستنیشانکراون و 3 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە، هاوکات 275 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
تاوەکو ئیستا لە هەرێمی کوردستان 919 هەزار و 737 پشکنین بۆ دەستنیشانکردنی تووشبووانی کۆرۆنا کراون، لەو ژمارەیە 102 هەزار و 581 تووشبوو تۆمار کراون، 68 هەزار و 454 کەس چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 362 تووشبوویش مردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ