رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، عێراق بەهۆی راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، نزیکەی 20 ملیار دۆلار زەرەری بەرکەوتووە. گوتیشی، "بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت هەموو شتێک ئامادەیە. تورکیا ئامادەیە، لایەنی عێراق ئامادەن و تەنیا هەندێک بابەتی تەکنیکی ماون."
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-02-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر، لە دیدگەی هەرێمی کوردستانەوە باسی لە هەندێک بابەتی گرنگی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرد.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، شاندی یەکێتی و پارتی بۆ دانوستاندن لەسەر پێکهێنانی حکومەت سەرقاڵی گفتوگۆیەکی جیدین، "بۆئەوەی ئەو بنەمایانەی جێگەی بایەخی هەردوولان، لە رێککەوتنێکدا جێگیری بکەن، کە ببێتە بنەمایەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
نزیکەی چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەشداریکردنی 72%ی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "بەرپرسیارێتییەک دەخاتە سەر ملی یەکێتی و پارتی وەکو دوو حیزبی براوە، کە پێویستە لە ئاست ئەو چاوەڕوانییەی کە خەڵک هەیەتی، هەوڵێکی جدی بدەن؛ حکومەتێكی کارا دروست بکەن کە جێگەی متمانە، هیوا و ئومێدی خەڵکی هەرێـمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بێت."
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ''لەو روانگەیەوە ئەگەر گفتوگۆکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت درێژەش بکێشن، پێویستە؛ بۆئەوەی حکومەتێک پێکبهێندرێت کە جێگەی متمنانەی خەڵک بێت.''
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە، کە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
''سیستمی بەڕێوەبەریی عێراق فیدراڵی نییە''
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای کرد و رەخنەی لە سیستمی فیدراڵیی عێراق گرت و گوتی، ''گەورەترین کێشەیەک کە هەمانە، ئەوەیە کە بە ناو سیستمێکی فیدراڵیمان هەیە، بەڵام لە پراکتیزەکردن و جێبەجێکردنیدا، ئەوەی کە لە عێراق دەکرێت، هەموو شتێکە، تەنیا فیدراڵی نییە، ناوەندییەکی یەکجار زۆر ناوەندییە.''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، چەندین جار بە بەرپرسانی حکومی و دادوەریی لە بەغدا راگەیاندووە، پێویستە پێناسەیەکی دروست لە سیستمی فیدراڵی بکرێت، ''ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، پێموایە بۆ سەقامگیریی سیاسیی عێراقیش باشە.''
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئەم ئاڵۆزییەی ئەمڕۆ لەنێوان ئێمە و بەغدا هەیە، لە ئەنجامی مەسەلەی دەسەڵاتەکانە. ئێمە دەبێت لە شوێنێک دابنیشین ئەم گفتوگۆیە بە شێوەیەکی جدی بکەین، ئەم گفتوگۆیە (پێناسەی سیستمی فیدراڵی) کلیلی چارەسەری سیاسیی دۆخی عێراقە.''
''چاوەڕێ دەکەین بەمزووانە هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە''
لە ئاداری 2023وە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ی پێشێل کردووە، چونکە لە ساڵی 2014وە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە، بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ''عێراق نزیکەی 19 تاوەکو 20 ملیار دۆلار زەرەری [لە راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان] بەرکەوتووە، ئەمە پارەیەکی یەکجار زۆرە بۆ عێراق.''
لەبارەی هەڵوێستی لایەنەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نێچرڤان بارزانی گوتی، ''ئێستا بەشی تەکنیکی ماوەتەوە، هەموو شتێک ئامادەیە. تورکیا ئامادەیە، لایەنی عێراقیش ئامادەن، هەندێک بابەتی تەکنیکی هەیە، ئەوەی کە پارەی کۆمپانیاکان چۆن وەربگیرێت؛ بەڵام بنەماکە بڕیاری لەسەر دراوە و چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە ئینشائەڵڵا لە ماوەیەکی نزیکدا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان و دەرەوە بکرێت.''
''مووچە مافێکی دەستوورییە و دەبێت دابین بکرێت''
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لە مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان کرد و گوتی، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە هەندێک ئەرکی دەکەوێتە ئەستۆ کە بەوپەڕی شەفافییەتەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بەغدا کردووە.''
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، ''دەبێت بەپێی دەستوور سەرۆکوەزیرانی عێراق، دادگەی فیدراڵی و پەرلەمانی عێراق، ئەو مافە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق دابین بکەن، ئەمە مافێکی دەستوورییە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ