کوردستان
مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت: "لەبەر هەستیاریی بارودۆخی تەندروستی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە باشمان زانی هیچ ئاهەنگ و کەرنەڤاڵێک نەکەین لە یادی نەورۆزدا."
رووداو دیجیتاڵ
مەڵبەندی 2ـی یەکێتی لە کەرکووک لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە، یەکێتی نەیتوانیوە رەزامەندی لە ئیدارەی کەرکووک بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگی نەورۆز وەربگرێت، دەڵێت، ویستی کەرنەڤاڵ، ئاهەنگ، کۆڕ و کۆبوونەوەیان هەبێت لە ناو شاری کەرکووک "هێز نییە بتوانێت رێگری لێ بکات."
راگەیێندراوەکە لەلایەن نووسینگەی راگەیاندنی لێپرسراوی مەڵبەندی 2ـی رێکخستنی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکراوەتەوە و باس لەوە دەکات، "لەبەر هەستیاریی بارودۆخی تەندروستی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە باشمان زانی هیچ ئاهەنگ و کەرنەڤاڵێک نەکەین لە یادی نەورۆزدا."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باس لەوە دەکەن، "داوای رەزامەندیمان لە هیچ کەس و لایەنێک نەکردووە بۆ ئاهەنگ، کەرنەڤاڵ، یادەکانی نەورۆز، راپەڕین و سەری ساڵی کوردی."
روونکردنەوەکە دوای ئەوەهاتووە، نووسراوێک بەناوی لێپرسراوی مەڵبەندی 2ـی رێکخستنی کەرکووک بڵاوکراوەتەوە و تێیدا ئەوە نووسراوە کە دوای هەوڵیان نەیانتوانیوە رەزامەندی بۆ ئاهەنگی نەورۆز و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر قەڵای کەرکووک بەدەستبهێنن، بۆیە "پێمان باشە ئاهەنگی جەماوەری لە سنووری تەقتەق ساز بکەین." راگەیێندراوەکە دەڵێت، ئەو نووسراوە ساختەیە.
21ـی ئاداری ئەمساڵ، بەهۆی رێکارەکانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاهەنگی نەورۆز بەشێوەی فەرمی لە کەرکووک نەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ