ئاماری سلێمانی: سەرژمێری پابەندییەک بۆ زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دروست دەکات

26-04-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی دەڵێت، دیاریکردنی 12.67٪ـی پشکی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان "ستەمێکی گەورەیە". دەشڵێت، ''ئەنجامەکانی سەرژمێریی ئەمساڵ، حکومەتی عێراق بە زیاترکردنی پشکەکە پابەند دەکات.''
 
وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاری داوە، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات. مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی لەوبارەوە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەمڕۆ هەینی 26-04-2024 پەخشکرا، رایگەیاند، ''هیچ بەربەستێک لەبەردەم پڕۆسەکە نەماوە، مەگەر بەربەستی هونەری.''
 
یەکەمجارە لە عێراق سەرژمێریی گشتیی بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەکرێت، مەحموود عوسمان گوتی، ''سەرژمێرییەکە بڕگەی نەتەوەیی تێدا نابێت و ناکۆکییەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان چارەسەر ناکات، بەڵام بە گشتی بۆ گەشەپێدان و داڕشتنی پلانی دروست، زۆر گرنگە.''
 
''سەرژمێریی ئەمساڵ پەیوەندیی بە مادەی 140ـەوە نییە''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی، هۆکاری چاوپۆشیکردن لە بڕگەی نەتەوەیی لە سەرژمێریدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ''هاووڵاتییانی تورکمان و عەرەب لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و دیالە، ناڕازیبوون بە هەبوونی بڕگەکە و دژایەتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی سەرژمێری دەکرا.''
 
وەک مەحموود عوسمان گوتی، چەندین دانیشتن و دانوستاندن لەگەڵیاندا کراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە پڕۆسەکە پەیوەندی بە سەرژمێریی تایبەت بە مادەی 140 نییە.
 
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی وڵاتەکە پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 19 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.
 
بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی و یاسای ژمارە 40ـی ساڵی 2008ـی پەرلەمانی عێراقیش پشتڕاستی دەکەنەوە کە سەرژمێرییەکە پەیوەندی بە مادەی 140ـەوە نابێت.
 
 
سەرژمێری و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە 
 
لە رێگەی سەرژمێرییەوە ژمارەی دروستی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەزانرێت و دەتوانرێت پشکە راستەقینەکەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق دیاری بکرێت. مەحموود عوسمان دەڵێت، "دەکرێت بەپێی ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە، پشکی بودجەی هەر پارێزگایەک دیاری بکرێت.''
 
ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق 12.67٪ دیاریکراوە، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی ئەمە بە کەم دەزانێت و دەڵێت، ''ئەنجامەکانی سەرژمێری، حکومەتی عێراق بە زیاترکردنی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان پابەند دەکات.''
 
پێشتر ساڵی 2015 یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو، کە تاوەکو بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بە 17٪ دیاری بکرێت. مەحموود عوسمان پێیوایە، "ئەو رێژەیەی ئێستا دانراوە، ستەمێکی گەورەیە.''
 
27 ساڵە لە عێراق و 37 ساڵیشە لە هەرێمی کوردستان، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان نەکراوە. ئێستا وڵاتەکە ئامادەکاری دەکات و رۆژی 20ـی تشرینی دووەم بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دیاریکراوە، بەڵام پێش ئەوە، بەشێوەیەکی ئەزموونیی دەکرێت.
 
دوایین سەرژمێریی عێراق لە 1997 لە 15 پارێزگا کرا، ئەمجارە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە. لە یاسای بودجە 400 ملیار دینار بۆ پێداویستی و خەرجیی سەرژمێرى تەرخان کراوە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیى پڕۆسەکە دەکات، تاوەکو بەگوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بکرێت و رەوایەتی هەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.