کۆنفرانسەکەی ئاراستەی کوردساتی گۆڕان هەڵگیرا؛ شەڕ روویداوە؟

26-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیار بوو ئەمڕۆ کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە ناونیشانی "کۆنفرانسی دامەزراندن" لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی زیاتر لە نیوەی ئەوانەی مافی ئەندامبوونیان هەیە، کۆنفرانسەکە تەوا نەکرا و دواخرا.
 
سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاراستەی کوردسات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکاری دواخستنەکە تەواو نەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامان بوو، کە کەمتر لە 470 کەس ئامادەبوو. لیژنەی کۆمیسیۆن گوتیان، دوای ئاگادارکردنەوەی بەغدا و دیاریکردنی رۆژی نوێ، ئاگادارتان دەکەینەوە."
 
بەگوێرەی داوای کۆمیسیۆن، دەبوو ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار کەس بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن.
 
دەنگۆیەک بڵاو بووەتەوە، کە لەبەردەم هۆڵی ئاشتی کە کۆنفرانسەکەی تێدا بەڕێوەچووە، شەڕ روویدا بێت. لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداوی گوت، "هیچ شەڕێک نەبووە، تەنیا ئەندامێک لەگەڵ پۆلیسێکدا دەمەقاڵێیەکیان هەبوو، ئەویش زوو چارەسەر کرا و هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە."
 
دوای راگرتنی کۆنفرانسەکە رۆڤان سەروەت، گوتەبێژی کۆنفرانسی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن، کۆنفراسەکە راگیرا بەهۆی تەواو نەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامان."
 
لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووەوە رۆڤان سەروەرت گوتی، "لیژنەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کە لێرەن، راپۆرتی خۆیان دەدەنە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەمڕۆ یان کەمتر لە هەفتەیەکی داهاتوو کۆمیسیۆن بڕیار لەسەر تەواوکردنی کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆ دەدات."
 
گوتەبێژی کۆنفرانسەکەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کرد، پابەندی هەر بڕیارێک دەبن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بیدات.
 
کۆنفرانسەکە لە کاتێکدا بڕیاری بەڕێوەچوونی هەبوو، حیزبەکە دوو ئاراستەیە؛ ئاراستەی گەڕەکی کوردسات و ئاراستەی گردی زەرگەتە.
 
بەرپرسێک لە گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی گوت، ئەوان نەچوونەتە هۆڵی کۆنفرانس و هۆکاری ئەوە بوون کە ژمارەی یاسایی ئامادە نەبێت و کۆنفرانس نەکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی کوردسات) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆنفرانسەکە رەتنەکراوەتەوە و هەڵگیراوە، بەگوێرەی یاسا لە رۆژانی داهاتوودا کۆمیسیۆن رۆژێکی نوێ دیاری دەکات، ئەو رۆژە زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو هەژمار دەکرێت، بۆ نموونە 400 ئەندام ئامادەبێت دەتوانن بڕیارەکانی کۆنفرانس بە زۆرینەی دەنگیان پەسەند بکەن."
 
کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆ بەگوێرەی نووسراوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاربوو بەڕێوەبچێت.
 
کۆمیسیۆن گۆڕانی ناچار کردووە، تەنیا ئەو ئەندامانە بەشداری کۆنفرانس بکەن ناویان لە ساڵی 2017 تۆمار کراوە زیاترن لە 2100 ئەندام؛ ئەوانەش ئێستا هەر بەشەو لە ئاراستەیەکن، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.
 
5ی ئەم مانگە، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە."
 
ئاراستەی کوردساتى بزووتنەوەکە رایگەیاندووە، بە نووسراوی ژمارەی 875 کە لە 27-03-2025 دەرچووە، ئاگادارکرابوونەوە کە 10ـی نیسان کۆنفرانس ببەستن و دواتر دواخراوە بۆ ئەمڕۆ 26ـی نیسان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.