روودا دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەردەوامن. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر لە کۆبوونەوەی داهاتوودا یەکێتی داواکاریی نوێی هەبوو، سورپرایز مەبن."
ئەمڕۆ دووشەممە 26-05-2025 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرپەرشتیی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامن و "تاوەکو پێکهێنانی کابینەی نوێ هەر بەردەوام دەبن."
دوایین کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی رۆژی 21ی ئایار لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو؛ قوباد تاڵەبانی گوتی، "لەوانەیە لە کۆبوونەوەی پێشوودا هەندێک داواکاریمان [لە پارتی] هەبووبێت، لە کۆبوونەوەی داهاتووشدا هەندێک داواکاریی نوێمان هەبێت، واتا پڕۆسەکە بەردەوامە؛ لەوانەیە ئەوان بێن شتێک پێشکێش بکەن و بڵێن ئەمەمان پێ باشە، ئێمەش رەنگە سبەی شتێکی دیکەمان پێ باشتر بێت."
سەرپەرشتیاری شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان گوتی، "هەر شتێک بڵاوبووەتەوە، نەگۆڕ نییە، ئەگەر لە کۆبوونەوەی داهاتوودا یەکێتی هەندێک داواکاریی دیکەی هەبێت، سورپرایز مەبن."
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسیان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ