بوومەلەرزەیەکی دیکە لە دەڤەری بەرواری باڵا لە دهۆک روویدا

26-06-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای بوومەلەرزەکەی بەیانیی ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەکی دیکە لە پارێزگای دهۆک روویدا، چەقی هەردوو بوومەلەرزەکە بەرواری باڵا بووە. بەڕێوەبەری بەشی بوومەلەرزە لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگاکە دەڵێت، گوڕی بوومەلەرزەکە 2.7 پلەی رێختەر بووە. هاونیشتمانییەکی دەڤەرەکەش گوتی، بوومەلەرزەکە زیانی بە خانووی هاونیشتمانییان گەیاندووە.

رۆژی دووشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2023، حەمید حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی بوومەلەرزە لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای بوومەلەرزەکەی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کە پلەکەی 4.7 پلەی رێختەر بوو، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 2.7 پلەی رێختەر روویدا.
 
چەقی بوومەلەرزەکە بەرواری باڵا بووە لە سنووری قەزای ئامێدی لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان؛ حەمید حەسەن گوتی، قووڵیی بوومەلەرزەکە 5 کیلۆمەتر بووە.
 
لە قەزای ئامێدی و بەشێکی شاری دهۆک و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە بوومەلەرزەکەی بەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن هاونیشتمانییانەوە هەستی پێکراوە، بەڵام ئەوەی دووەم تەنیا لە بەرواری باڵا هەستی پێکراوە.
 
 
حوسێن راڤینی، هاونیشتمانییەکی بەرواری باڵایە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 12:58 بوومەلەرزەیەک روویدا. ئەو هاونیشتمانییە گوتی، بوومەلەرزەی یەکەم بەهێزتر بووە و لە ئەنجامیاندا زیان بە خانووی هاونیشتمانیانی گوندی راڤین لە بەرواری باڵا کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە