53 پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیان لەکارکێشایەوە

26-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

53 پەرلەمانتاری شەش فراکسیۆنی جیاوازی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ ئەوەی دەست بەرێکارەکانی خانەنشینکردنیان بکرێت یان بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانی پێشوویان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت دوای جەژنی قوربان بەشێکی دیکەی فراکسیۆنەکانی دیکەش دەستلەکارکێشانەوە پێشکێش دەکەن و رێککارەکان بۆ خانەنشینکردنیان یان گەڕانەوەیان بۆ سەر کارەکانیان دەستپێدەکات."
 
بە لێکەوتەی بڕیارەکەی رۆژی 30ی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە "نادەستووری" ناساند و بەو پێیە پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە، رێکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە، 26-6-2023، شەش فراکسیۆنی خولەکە کە یەکێکیان گەورەترین فراکسیۆنە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشکردووە، ژمارەی پەرلەمانتارانی ئەو شەش فراکسیۆنە 53 پەرلەمانتارن کە پێکدێن لە:
 
-فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان: 45 پەرلەمانتار
-چوار فراکسیۆنی تورکمان: 5 پەرلەمانتار
- یەک فراکسیۆنی کریستیان (هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی): 3 پەرلەمانتار
 
فەرید یەعقوب ئیلیا، سەرۆکی لیستی رافیده‌ین، سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی دیکە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە لەدوای جەژنی قوربان دەستدەکەین بە پێشکێشکردنی دەستلەکارکێشانەوەی خۆمان."
 
رۆژی دووشەممە، 26-6-2023، سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشبینی دەکەین دوای جەژنی قوربان دەست بە رێکارەکانی دەستلەکارکێشانەوە لەنێو فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانیش بکرێت، پاش ئەوە رێوشوێنی خانەنشینکردنیان بەپێی یاسای چاکسازی دەگیرێتەبەر."
 
سەبارەت بە خانەنشیکردنی پەرلەمانتاران، سامان ئەحمەد گوتی: "خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران لەرووی ئیمتیازەوە بەپێی یاسای چاکسازی جیاوازە، ئەگەر هەر پەرلەمانتارێک 45 ساڵی تەمەن و 15 ساڵی خزمەتی تەواوکردبێت، ئەوا زۆرترین بڕی خانەنشینی ئەگەر وەریبگرێت ناگاتە رێژە 50٪ـی کۆی مووچەکەی، واتە زۆر کەمدەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر 45 ساڵی تەمەن و 15 ساڵی خزمەتی تەواونەکردبێت ئەوا رێژەکە 20 بۆ 30٪ دەبێت، جگە لەوە بەشێکی پەرلەمانتاران ئامادەنین خانەنشینی  وەربگرین و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانی پێشوویان."
 
لە دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی، هەرچەندە بەشێک لە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم سەردانی پەرلەمان دەکەن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو لەدوای بڕیارەکەی دادگەکەوە ناردنە دەرەوەی پەرلەمانتاران بۆ ئیشوکاری پەرلەمان و لەسەر بانگێشتی فەرمی هەبووە.
 
رۆژی دووشەممە، جگە لە فراکسیۆنی پارتی، فراکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، فراکسیۆنەکانی، پارتی گەشەپێدانی تورکمان، چاکسازی تورکمان، بەرەی تورکمانی، لیستی میللەت، پارتی گەشەپێدانی تورکمان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکێشکرد.
 
رۆبینا ئوملیک، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، بە رووداوی گوت: "دەستلەکارکێشانەوەکەمان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بکرێت، کە هێشتا وادەکەی دیارینەکراوە."
 
بڕیارە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، لەکاتێکدا نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، 18ـی تشرینى دووەمى 2023ى دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرلەوەى لە 30ى ئایار دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان بە "نادەستوورى" لەقەڵەم بدات. 
 
هەرچەندە پێشتر پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو، کۆمەڵ و چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەستیان لەکارکێشابووەوە، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، دەستلەکارکێشانەوەیان بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.
 
لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022  پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد لەدواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتایی هات. لە 22ى ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"یە.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.