توێژینەوەیەک: هەر سێ کاژێرێک لە هەرێمی کوردستان کەسێک بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر دەکرێت

26-06-2025
چەند پارچەیەک مادەی هۆشبەر کە لە هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەردا گیراوە؛ وێنە: ئەرشیف
چەند پارچەیەک مادەی هۆشبەر کە لە هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەردا گیراوە؛ وێنە: ئەرشیف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن توێژەرێکی کوردەوە کراوە، داتای ورد و "شۆکهێنەر" لەبارەی قەبارەی کارەساتی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو. بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 13 هەزار کەس دەستگیرکراون، دیاردەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە بە تێکڕا لە هەر سێ کاژێردا، کەسێک بە تۆمەتی پەیوەست بەو مادانەوە دەستگیر دەکرێت.
 
توێژینەوەکە کە لەلایەن هاوکار رەفیق رەحمانەوە کراوە و کۆپییەکی بۆ رووداو نێردراوە، سەرنج دەخاتە سەر دۆخی تاوانەکانی مادە هۆشبەرەکان لە نێوان ساڵانی (2020 بۆ 2024)، ئامارەکان زەنگی مەترسییەکی گەورە لە هەرێمی کوردستان لێدەدەن.  
 
زیاتر لە 13 هەزار دەستگیرکراو لە پێنج ساڵدا
 
بە گوێرەی ئەو داتایانەی لە توێژینەوەکەدا هاتوون، دابەشبوونی ژمارەی دەستگیرکراوان بەپێی ساڵەکان بەم شێوەیە بووە:
- ساڵی 2020: 1850 تۆمەتبار دەستگیرکراون
- ساڵی 2021: 2351 تۆمەتبار دەستگیرکراون
- ساڵی 2022: 2600 تۆمەتبار دەستگیرکراون
- ساڵی 2023: 3488 تۆمەتبار دەستگیرکراون
- ساڵی 2024 (تائێستا): 2728 تۆمەتبار دەستگیرکراون
 
کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لەم ماوەیەدا دەستگیرکراون دەگاتە 13 هەزار و 17 کەس. لە کۆی دەستگیرکراوان، 10 هەزار و 476 کەسیان وەک "بەکارهێنەر" مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. سێ هەزار و 838 کەسیش بە تۆمەتی "بازرگانیکردن" بەو ماددانەوە ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە. 
 
لە ساڵانی 2023 و 2024ـدا، ژمارەی دەستگیرکراوانی بازرگانانی مادەی هۆشبەر بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە، لەو دوو ساڵەدا 2765 کەس دەستگیرکراون، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی تۆڕە مافیاییەکان و هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵە ئەمنییەکان بۆ لێدان لە سەری مارەکە.
 
17 جۆر مادە و دەستبەسەرداگرتن بە "تۆن"
 
مەترسییەکە تەنیا لە ژمارەی دەستگیرکراواندا کورت نابێتەوە. توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە کە تاوەکو پار، نزیکەی 17 جۆر مادەی هۆشبەری باو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبوونە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەمەجۆریی ئەو ژەهرەی دەخرێتە بەردەستی گەنجان.
 
هاوکات، لە ساڵی 2023ـەوە، دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەردا بگرن کە بە "تۆن" دەخەمڵێندرێت. ئەمەش لە لایەکەوە نیشانەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکانە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، قەبارەی مەترسیداری ئەو ماددانە دەردەخات کە هەوڵی هێنانەناوەوەی بۆ هەرێمی کوردستان دەدرێت.
 
26ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک، وەکو رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەستنیشان کراوە، لەو رۆژەدا چالاکیی جۆراوجۆر بۆ رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەخرێنەڕوو، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئەو مادانە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان. لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە بەو بۆنەیەوە کۆمەڵێک چالاکی بەڕێوەدەچن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.