لە هەشت ساڵدا 368 کەس بە تۆپباران و بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون

26-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەشت ساڵدا 368 کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە گیانیانلەدەستداوە یان برینداربوون. لە ئەمساڵیشدا 87 شوێن لە هەرێمی کوردستان هێرشیانکراوەتەسەر، کە بەهۆیانەوە هەشت هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی سێشەممە، 26-9-2023، کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـیی ئەمریکی، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە مانگی ئابی ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە 147 کەس لە هەرێمی کوردستان شەهیدبوون و 221 کەسی دیکەش برینداربوون، تەنیا لە ئەمساڵدا 8 کەس بەهۆی ئەو هێرشانەوە گیانیانلەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون."
 
بە گوتەی کامەران عوسمان ئەمە تەنیا ئاماری کەسانی سڤیلە، چونکە ئەوان ئامارەکانی گیانلەدەستدان و برینداربوونی گەریلاکانی پەکەکە تۆمار ناکەن.
 
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنی ماف و ئیمتیازات بۆ کەسوکاری ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو تۆپباران و بۆردومانانەی تورکیا و ئێرانەوە گیانیانلەدەستداوە، لەگەڵ بریندارەکانیش، کامەران عوسمان گوتی: "سەرقاڵی پڕۆژەیەکین بۆ تۆمارکردن ئامادەکردنی بەڵگەنامەی ئەو کەسانەی شەهید بوون و برینداربوون. بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەردانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکەین و بەڵگەنامەکانیان رادەست بکەین."
 
کامەران عوسمان گوتیشی: "دەمانەوێت عێراق ئەو شەهیدانە بە شەهیدی نیشتمانی بزانێت و هەژمار بکات، سەرەتی بداتە کەسوکاریان، جگە لەوەش ئەوانەی کەمئەندام بوون بە کەمئەندام هەژماربکرێن و سەرەتیان هەبێت."
 
ئەو ئەندامەی ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەدا پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایسپاردوون بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر قوربانییانی تۆپباران و بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەیان.
 
بەپێی بەدواداچوونی پەرلەمانی عێراق، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی 23 هەزار پێشێلكاری لەلایەن ئێران و تورکیاوە بۆ سەر خاکی عێراق کراون کە لە هێرشەکانیاندا درۆن بەکارهێندراون و تۆپباران و مووشەک ئاراستە کراون، هێرشەکانیش سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستان بوون. 
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رێکخراوی CPT، تورکیا 64 بارەگا و بنکەی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان هەیە، 55ـیان بارەگا و 9ـیان بنکەی سەربازین، کە بەم شێوەیە دابەش بوون:
 
- پارێزگای هەولێر: 14 بارەگای سەربازی، بەمشێوەیە دابەشکراون:
 
- سیدەکان: 12 بارەگا
- مێرگەسۆر: 2 بارەگا
 
- پارێزگای دهۆک: 41 بارەگای سەربازی، بەم شێوەیە دابەشکراون:
 
- ئامێدی، شێلادزێ، کانێ ماسی، بامەڕنێ و دێرەلووک: 23 بارەگا
- ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 18 بارەگا
 
هەروەها 9 بنکەی سەربازی هەن، کە شەشیان لە حەفتانین و سێیان لە سیدەکانن.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."