رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان 150 بۆ 170 هەزار دینار بووە، ئەم رۆژانەش بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە و لە سەروو یان خوار 150 هەزار دینارە، بەڵام زۆربەی کاڵا و شمەکی بازاڕ هەر بەو نرخەیە کە 100 دۆلار بە نزیکەی 170 هەزار دینار بوو.
هاونیشتمانییان لە دانەبەزینی نرخی کاڵاکان نیگەرانن، دەڵێن بازاڕی ئازاد و نەبوونی چاودێریی بازرگانی وایکردووە کاڵاکان دوای گرانبوونیان، نرخیان دانەبەزێتەوە.
ئەکرەم بەکر، هاونیشتمانییەکی خەڵکی سلێمانییە، لەنێو بازاڕی شارەکە قسەی بۆ کردم و گوتی، "ئێستا نرخی کیلۆیەک گۆشت 20 هەزار دینارە، لە کاتێکدا 100 دۆلار بە 150 هەزارە، ئەو کاتەش کە نرخی دۆلار 170 هەزار بوو، نرخی گۆشت ئەوپەڕی 21 هەزار بوو، هەروەها نرخی کیلۆیەک مریشک بەراورد بەو کاتە نزیکەی 500 دینار دابەزیوە، بە بەراورد بە دابەزینی بەهای دۆلار ئەوەندە زۆر نییە."
هەر لەنێو بازاڕی شارەکە هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی هێمن کەمال قسەی بۆ کردم، ئەو دەیگوت، "هەندێک گرووپ و باند هەن، دەیانەوێت بەهای دۆلارەکە نزم بکەنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بیکڕنەوە لەو نرخە نزمەدا و دواتر لە بەرزبوونەوەکەدا بیفرۆشنەوە، چەندین جاری دیکەش هەروا بووە، بۆیە ئەوە کاریگەریی ناکاتە سەر نرخی کاڵاکان لە بازاڕ."
فرۆشیاران و بازرگانان، وەکو کڕیارەکان گلەییان هەیە، ئەوانیش دەڵێن هۆکاری هەرزان نەبوونەکە، ناجێگیریی نرخی دینارە.
حوسێن سەرگەڵویی فرۆشیارە و لەبارەی ئەو ناجێگیرییەی بەهای دینار و دۆلار و دەڵێت، "دۆلار نرخەکەی ئەوەندە بەرز و نزم دەکات ناخۆشی کردووە، ئێ خەڵکیش ئەوەی بازرگانە، ژمارەیەکی زۆر کاڵای کڕیوە لەوکاتەی کە نرخی دۆلار بەرزبووە، ئێستا نایەوێت زەرەر بکات، بۆیە بەهەمان نرخی پێشوو دەیفرۆشێت، بۆیە متمانەیان بە جێگیریی بازاڕ نییە."
فرۆشیارێک بەم جۆرە دۆخەکەی بۆ روونکردمەوە و دەردەدڵی کرد، "من کاڵام هەیە، دوو مانگ لەمەوبەر کڕیومە، ئێ مەعقووڵ نییە کاتێک دۆلار دابەزی، یەکسەر منیش نرخ دابەزێنم، چونکە کارەکە بەو جۆرە نییە، کاڵاکانی من رەنگە هیی سەردەمی دۆلاری 157 و 158 هەزاری بێت."
لەلایەکی دیکەوە سێ لیژنەی قایمقامیەتی سلێمانی چاودێریی بازاڕ دەکەن، ئەوان دەڵێن، رێگرییان کردووە لە بەرزبوونەوەی زیاتر و لە هەوڵدان نرخی کاڵاکان بەپێی بەرزبوونەوەی نرخی دینار، هەرزانتریش ببێت.
شوان حوسێن، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی بازرگانی لە قایمقامیەتی سلێمانی لەبارەی دابەزینی نرخی کاڵا و شتومەک بە رووداوی راگەیاند، "بەم نزیکانە ژمارەیەک لە بەرهەمە خۆراکییەکان وەکو شەکر و چا و برنج و رۆن و زەیت و هەندێک کاڵای دیکەش نرخیان دادەبەزێت، هەروەها وەکو رۆژانی رابردوو، نرخی بەنزین دابەزی، لەم چەند رۆژەدا زیاتریش دادەبەزێت."
لە کەمتر لە پێنج رۆژدا، نرخی دینای عێراقی بەرامبەر دۆلار حەوت هەزار دینار بەرز و نزمی کردووە، ئەمەش وایکردووە جووڵەی بازرگانی لە بازاڕدا تەواو خاوببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ