رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری هیندستان، کۆنسووڵی ئەو وڵاتە لە باسی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستاندا گوتی: "لە بەهێزبووندایە و ساڵانە چەندین زەمالە بە خوێندکارانی کورد دەدەین."
رۆژی یەکشەممە 27-12-2025 مادان گۆپال، کۆنسووڵی هیندستان لە هەولێر، بە بۆنەی 76ـەم ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری هیندستانەوە، دوای بەشداریکردن لە چالاکییەکی نەمام چاندن لە قوتابخانەیەکی هەولێر بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ 76 نەماممان لەگەڵ قوتابییان چاند و دڵخۆشین کە شتێک دەکەین، بۆ ژینگە و کۆمەڵگە و هەموو مرۆڤایەتی باشە."
لەبارەی پەیوەندیی نێوان هیندستان و هەرێمی کوردستان، گۆپال گوتی: "پەیوەندیی نێوان هیندستان و هەرێمی کوردستان لە بواری پەروەردەدا لە بەهێزبووندایە و زەمالەمان بە خوێندکاران بەخشیوە. هەموو ساڵێک چەندین زەماڵەمان بۆ هەردوو ئاستی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا و هەروەها ماستەر و دکتۆرا هەیە".
کۆنسووڵی هیندستان ئاماژەی بەوەدا، لە بواری پەروەردەدا هیندستان بەرنامەیەکی زۆر باشی هەیە کە پێیدەگوترێت هاوکاریی تەکنیکی و ئابووریی هیندی (ITEC) و هەموو ساڵێک چەندین کورد دەنێرنە هیندستان بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان لە چەندین بواردا لەوانەش پەروەردە.
کۆنسووڵخانەی هیندستان، بە بۆنەی یادی 76 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری هیندستان، 76 نەمامی لە قوتابخانەی ماجیدی لە شاری هەولێر چاند. کۆنسووڵی هیندستان گوتی: "هەموو ساڵێک کۆنسووڵخانەی هیندی و کۆمەڵگەی هیندی لە هەولێر هەوڵدەدەین بەشداری لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەین. ئەم ساڵ بیرمان کردەوە لەبەر ئەوەی 76ـەمین ساڵیادی رۆژی کۆماری هیندستانە، 76 درەختمان بە هاوکاریی قوتابخانەی بنەڕەتی ماجیدی چاند".
هیندستان نزیکەی 200 ساڵ لەژێر کۆنتڕۆڵی بەریتانیادا بوو. لە ساڵی 1949 سەربەخۆیی وەرگرت و کۆماری هیندستان دامەزرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ