کوردستان
دیمەنی پاسەکە لە پاش رووداوەکە. وێنەکە مامۆستا مەسعود لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە.
رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی ئایینی کە لەگەڵ عومرەکارەکاندایە بە رووداوی گوت، لەگەڵ دەرچوونیان لە سنووری عێراق و رۆشتنیان بەرەو یەکەم شارۆچکە سعودیە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون.
مامۆستا مەسعود جاف، یەکێک لە عومرەکارەکانە و پێشنوێژ و وتارخوێنە لە مزگەوتێکی چەمچەماڵ، بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستانەوە چەند پاسێک بووین بەڕێکەوتووین بەرەو سعودیە، هەموومان لەگەڵ هەمان کۆمپانیا بوین، لە سنووری عێراق دەرچووین بەرەو یەکەم شارۆچکەی سعودیە لە رێگای شاری عەعەر تووشی رووداوی هاتوچۆ بووین".
مامۆستا مەسعود جاف ئاماژەی بەوەکرد، "خۆم لەنێو ئەو پاسە بووم کە تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو، بەڵام 15 خولەک پێش رووداوەکە من لەسەر سنوور دابەزیبووم بۆ چارەسەری کێشەی پاسپۆرتی یەکێک لە عومرەکارەکان، دوای ئەوەی کە لە سنوور دەرچووین بە کەمتر لە 15 خولەک ئەو پاسەمان تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو".
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، پاسێکی عومرەکارانی کورد لە سنووری سعودیە - عێراق و لە کاتی چوونیدا، تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، بەهۆیەوە، "کەسێک گیانی لەدەستداوە و 13ی دیکەش بریندار بوون".
مامۆستا مەسعود جاف دەڵێت، "تائێستا ئەوەی دیارە یەک کەسمان گیانی لەدەستداوە چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون کە دووانیان شۆفێری پاسەکان بوون و ئەوانی دیکەش عومرەکار بوون لەگەڵ پاسەکە نەماون و براونەتەوە نەخۆشخانەی عەرعەر".
لەبارەی ژمارەی تەواوەتی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە، مامۆستا مەسعود جاف دەڵێت، "تائێستا ئێمەش بە تەواوەتی ژمارەی ئەو کەسانە نازانین کە مردوون و بریندار بوون چونکە براونەتە نەخۆشخانە و ئێمەش لە رێگاین بەرەو شاری سکاکا و لەوێ چاوەڕوانیان دەبین".

لە لایەکی دیکە، نزار جەمیل، بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرەی پارێزگای هەڵەبجە کە سۆراخی رووداوەکەی کردووە بە رووداوی گوت، "ئەوەی کە گیانی لەدەستداوە پیاوێکە بەناوی جووتیار عەبدولمەجید عەبدولکەریم و لەدایکبووی 1991ـە".
پاسەکە لەگەڵ بارهەڵگرێکدا تووشی رووداو بووە. نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو سەرنشینی بارهەڵگرەکەش گیانیان لەدەستداوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ