لە قامیشلۆ 400 ئاوارەی نەخۆش مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەختیار قادر
بەختیار قادر
پزیشکێک پشکنین بۆ ئاوارەکان دەکات
پزیشکێک پشکنین بۆ ئاوارەکان دەکات
A+ A-

رووداو - قامشلۆ

خەلیل حەسەن، منداڵێکی 7 ساڵانی خەڵکی عەفرینە و ئاوارەیی بە قامیشلۆی گەیاندووە. نەخۆشیی سەدەف گیانی داگرتووە، بەڵام پزیشکەکان هیچ دەرمانێکیان بەدەستەوە نییە بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی. وەک ئەو، سەدان نەخۆشی دیکە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.
 
خەلیل حەسەن یەکێکە لەو منداڵانەی کوردبوون تووشی ژیانی ئاوارەیی کردووە. پزیشکێک سەردانی دەکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە، تەنیا دەتوانێت لیستێک لە ناوی دەرمانەکان بداتە خێزانەکەی، کە ئەوانیش بەهۆی هەژاری و ئاوارەییەوە ناتوانن بۆی دابین بکەن.
 
بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئاوارەکانی قامیشلۆ گەیشتووەتە 72 هەزار و 111 کەس، کە دەکاتە نزیکەی سێ هەزار خێزان. ئەوان لە مزگەوت، قوتابخانە و باڵەخانە تەواونەکراوەکاندا نیشتەجێ بوون.
 
رەشید مستەفا، پیاوێکی تەمەن 59 ساڵە و یەکێکی دیکەیە لە نەخۆشەکان. پزیشکەکەی دەڵێت سینگی پڕ ئاوە و سەرتاپای گیانی هەوکردنە، ئەگەر لەژێر چاودێریدا نەبێت مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەبێت.
 
یونس محەممەدیش قوربانییەکی دیکەی شەڕ و نەبوونی دەرمانە. ئەو پێشتر بەهۆی شەڕەوە قاچەکانی لەدەستداوە، ئێستاش نەخۆشیی شەکرە خەریکە دەستەکانی لەکاردەخات. ئەو لە نەخۆشخانەیە، بەڵام بەبێ هیچ دەرمان و چارەسەرێک، چارەنووسێکی نادیار چاوەڕێی دەکات.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون لە تەندروستیی قامیشلۆ، لەنێو ئاوارەکاندا نزیکەی هەزار کەس نەخۆشن و زیاتر لە 400 کەسیان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە