رووداو دیجیتاڵ
چوونی خەڵک بۆ 14 ناوچەی سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بۆ 15 رۆژ قەدەخە کرا. بڕیارەکەش بەپێی یاسای سەربازی دراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای شرنەخەوە بڵاوکراوەتەوە، 14 ناوچەی سنووری شاری شرنەخ و شارۆچکەکانی جزیر، سلۆپی، قلەبان، باسان و ئەلکێ، وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ 15 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆیان قەدەخەیە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025 دەستپێدەکات و تاوەکو 11ـی ئایاری 2025 بەردەوام دەبێت.
پارێزگەی شرنەخ رایگەیاندووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون و داوای لە خەڵکی کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان، پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
سوپای تورکیا بە پاساوی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی گەریلاکانی پەکەکە لە سەپاندنی قەدەخەی هاتووچۆ لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری کوردستان بەردەوامە، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان دروست دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ