کۆنسووڵی ئوردن: پەرۆشین بۆ پتەوکردنی پەیوەندیمان لەگەڵ هەولێر

27-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
فوئاد مەجالی، کۆنسووڵی ئوردن لە هەولێر.
فوئاد مەجالی، کۆنسووڵی ئوردن لە هەولێر.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆنسووڵی ئوردن لە هەولێر رایگەیاند، "سەردانی فەخامەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئوردن، گرنگ و برایانەیە، لەو دیدارەدا باسی پەیوەندیى برایانەى نێوان ئوردن و عێراق و شێوازى بەهێزکردنى پەیوەندیی نێوان ئوردن و هەرێمى کوردستانى عێراق کرا."
 
فوئاد مەجالی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئوردن و پێشوازیکردنی لەلایەن شا عەبدوڵڵاوە قسەی کرد.
 
فوئاد مەجالی گوتی: "ئێمە لە شانشینى ئوردن بە رێبەرایەتیی شا عەبدوڵڵا، پەرۆشین بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى چەند لایەنە لەگەڵ برایانمان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەو سەردانە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییە و بۆ ئەوەیە کە هاندەر بێت بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى لە نێوان ئوردن و عێراق و هەرێمى کوردستانى عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستانى عێراق مێژوویی و برایانە و پتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەو سەردانە گرنگە بۆ بەهێزکردنى ئەو پەیوەندییانە."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان
 
رووداو: کاریگەریى سەردانى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ شانشینى ئوردن و کۆبوونەوەى لەگەڵ شا عەبدوڵڵاى دووەم لەسەر پەیوەندى نێوان ئوردن و هەرێمى کوردستان چۆن دەبێت؟
 
فوئاد مەجالی: سوپاس بۆ میوانداریتان، ئەمڕۆ فەخامەتى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستانى عێراق، سەردانى شانشینى ئوردنى کرد و چاوى بە شا عەبدوڵڵاى دووەم کەوت خوا بیپارێزێت، ئەمە سەردانێکى گرنگ و برایانەیە، لەو دیدارەدا باسی پەیوەندیى برایانەى نێوان ئوردن و عێراق و شێوازى بەهێزکردنى پەیوەندى نێوان ئوردن و هەرێمى کوردستانى عێراق کرا، لەراستیدا ئێمە لە شانشینى ئوردن بە رێبەرایەتى شا عەبدوڵڵا پەرۆشین بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى لە چەندین لایەنى لەگەڵ برایانمان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەو سەردانە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییە و بۆ ئەوەیە کە هاندەر بێت بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى لە نێوان ئوردن و عێراق و هەرێمى کوردستانى عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا، پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستانى عێراق پەیوەندى مێژوویی و برایانە و پتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەو سەردانە گرنگە بۆ بەهێزکردنى ئەو پەیوەندییانە، ئەمڕۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان چاوى بە شا عەبدوڵڵا کەوت و دواتر سەردانى وەزیرانى دەرەوەى کرد و لەگەڵ وەزیرى دەرەوە کۆبوونەوە، سەردانەکە برایانە، باش و سەرکەوتوو بوو بە هەموو پێوەرەکان.
 
رووداو: گۆڕانکارى لە ناوچەکە روودەدەن و پێشبینی دەکرێت روو بدەن، لەسایەى ئەو دۆخە کۆبوونەوەى شاى ئوردن و سەرۆکى هەرێمى کوردستان تاوەکو چەند گرنگە بۆ ئەو پرسە؟
 
 فوئاد مەجالی: وەک ئەوەى گوتم کۆبوونەوەکە برایانە و گرنگ بووە، بەدڵنیاییەوە باسی چەندین دۆسیەى هەرێمى کراوە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەى شێوازى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا کراوە، بەدڵنیایەوە سەردانەکە گرنگ بووە، ئوردن و هەرێمى کوردستان هەمیشە دیداریان لەسەر ئاستى باڵا هەبووە و لە قۆناخە جیاوازەکاندا پەیوەندى لەنێوانیان هەبووە، ئەم سەردانەش سەردانێکى گرنگە و بەویستى خوا پاڵنەر دەبێت بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى زیاتر لەنێوان ئوردن و عێراق و هەرێمى کوردستان.   
 
پرسیار: ئاستى بەرەوپێشچوون و پەرەپێدانى پەیوەندى لە نێوان ئوردن و هەرێمى کوردستان چۆنە؟
 
فوئاد مەجالی: سوپاس بۆ  خوا پەیوەندییەکان لەسەر بنەماى پەیوەندى مێژوویی و برایانەیە، پەیوەندەییەکە کە دەتوانین بڵێین بەهێز و  تایبەتە، بەڵگەش سەردانەکەى ئەمڕۆ و سەردان و دیدارەکانى پێشووترە، پەیوەندییەکانمان لە بوارە جیاوازەکاندا بەهێزە، پەیوەندی ئابوورى، بازرگانى، خوێندن، تەندروستی و کۆمەڵایەتى هەیە، سوپاس بۆ خوا دەتوانم بڵێم  پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و ئوردن زۆر باشن و ئەو پەیوەندییانە بە گوێرەى فەرمان و سەرپەرشتى راستەوخۆى شا عەبدوڵڵا و حکومەتەکانى ئوردنە، هەروەها  لێرەش بە سەرپەرشتى راستەوخۆى بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە.     
 
پرسیار: ئەمساڵ چى نوێ دەبینین لە پەیوەندیی نێوان ئوردن و هەرێمى کوردستان؟ 
 
فوئاد مەجالی: پشت بە خوا ئاسۆکان هەمیشە فروانن بە ئاڕاستەى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان، بەمدواییە و بە دیاریکراوى لەگەڵ کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەنگاوى گرنگمان ناوە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى لە نێوان ئوردن و هەرێمى کوردستان، لەلایەنى تەندروستییەوە پەیوەندى و چالاکى هەبوو کە بووە هۆى رابوون لەو کەرتە و پەیوەندى نێوانیان، هەروەها کارکردن لە بوارى پەیوەندیى خوێندنى باڵا هەبوو، دانپێدانانى دوولایەنەى زانکۆکانى نێوانمان ئەنجامدرا، کە ئەمە دەرفەت بۆ قوتابیانى هەرێمى کوردستان و ئوردن دەڕەخسێنێت، هەروەها پەرەپێدان لە پەیوەندیى کەرتى کشتوکاڵ و بونیاتنانى تواناکان و هاریکارى هەبوو لە نێوان دامەزراوەکاندا. پێموایە دەبێت زیاتر گرنگى بە پەرەپێدانى بازرگانی و پەیوەندى نێوان خاوەنکاران و وەبەرھێنەران بدرێت،  بەردەوامین لە بونیاتنانى پەیوەندى لەو بوارانەى کە کارمان لەسەر کردوون، بەدواداچونیان بۆ دەکەین لەبەر ئەوەى ئەم پەیوەندییانە لەو ئاستە باشەدا لە نێوان ئوردن و هەرێمى کوردستان، شایستەى ئەوەن گرنگى و پەرەپێدان هەبێت لە پەیوەندییەکانى بوارى ئابوورى، هەروەها دەمانەوێت پەیوەندیى کۆمەڵایەتى و کولتوورى پەرەپێبدەین، ئێستا هەموان پەرۆشن بۆ ئەو پەیوەندییانە، بە ویستى خوا داهاتوودا درەفەت دەبێت کە برەو بەو پەیوەندییانە بدەین لە بوارە جیاوازەکاندا.              
 
پرسیار: دیدارى نێوان شاى ئوردن و سەرۆکى هەرێمى کوردستان چۆن دەتوانێت کاریگەرى هەبێت لەسەر لادانى بەربەستەکان لەبەردەم پەرەپێدانى پەیوەندى ئابوورى وسیاسی نێوان ئوردن و عێراق؟
 
فوئاد مەجالی: بەدڵنیاییەوە دیدارەکەى ئەمڕۆ وەک گوتم پاڵنەرێکى بەهێز دەبێت بۆ پتەوکردنى ئەو پەیوەندییانە و پێویستە هەردوولا کار بکەین بۆ بەهێزکردنى ئەو پەیوەندییانە لە چەندین بواردا، هەر بوارێک دەرفەتێکى تێدا بێت، پێویستە لەدەرگاى ئەو دەرفەتە بدەین، بەرەو ئەوە بڕۆین کە ئەو پەیوەندییە بەهێز بکەین، ئەگەر لەبوارى تەندروستی و کشتوکاڵ و خوێندن و بونیاتنانى تواناکان و بازرگانى و خاوەنکار و وەبەرهێنەران بێت، ئەو سەردانە بەویستى خوا پاڵنەرێک دەبێت بۆ بەردەوامى و بەهێزکردنى ئەو پەیوەندییانەى کە لەسەر بنەماى برایانە و مێژوویی پتەون.
 
پرسیار: پەیوەندیی نێوان خێزانى هاشمی و بارزانییەکان بەهێز و مێژووییە، حکومەتى ئوردن بەشێوەیەکى گشتى و بەردەوام چۆن لە خستنەگەڕى ئەو پەیوەندییە دەڕوانێت؟
 
فوئاد مەجالی: سوپاس، من هەست بە ئاستى ئەو رێز و خۆشەویستییە دەکەم و دەزانم کە  هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستان بۆ شا عەبدوڵڵاى دووم هەیانە، سەرۆک مەسعود بارزانیش لەلاى ئێمە لە ئوردن پێگەیەکى تایبەتى هەیە، رێزیشمان هەیە بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانى هەرێمى کوردستان، بە دڵناییەوە ئەو پەیوەنییە باش و مێژووی و برایانەیە دەبێت وامان لێبکات زیاتر پەیوەندییەکان بەهێز بکەین، ئەگەر لە هەندێک کەرتدا چەند شتێکمان کردبێت هێشتا ماوێتى و  دەبێت هەمیشە بەدواى بەهێز کردنیدا بگەڕێین لە بوارە جیاوازەکاندا کە سوود بەخشە بۆ هەردوولا .
      
 پرسیار: وەک کۆنسووڵخانەى ئوردن، کارەکانتان چۆن چوونەتەپێش، لە ئاستى پەیوەندیی بازرگانی و سیاسى، چۆن ئاسانکاریى بۆ بازرگانەکانتان دەکەن روو لە هەرێمى کوردستان بکەن بۆ کارکردن؟
 
فوئاد مەجالی: کۆنسووڵخانەى گشتى لە هەولێر بە بەختە بەهۆى ئەو کارلێک و هاریکارییە ئەرێنییەى کە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و  دامەزراوەکانى بەدى دەکەین، بۆیە لەم ماوەیەى رابردوودا توانیمان هانى ئەو پەیوەندییانە بدەین لە بوارەکانى تەندروستى و کشتوکاڵ و خوێندن و برەودان بە تواناکان و پەیوەندى نێوان دامەزراوەکان و ئەو پرسانەى پەیوەندارن بە پەروەردە و خوێندنەوە، حکومەتى ئوردن ئامادەیە بۆ پەرەپێدان بەو پەیوەندییانە و کاردانەوەى ئەرێنى دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و حکومەتەکەیمان بەدی کرد و کە هاوکارمان بوو لە بونیانتنان و پەرەپێدانى ئەو پەیوەندییانە. بەڵام دەبێت گرنگى بە کەرتى نوێ بدەین و  پرسى پەیوەندیى بازرگانی و وەبەرهێنان بەهێز بکەین، یان کەرتى گرنگى دیکە، بۆ نموونە؛ تەکنەلۆژیاى زانیارى کە پسپۆریى زۆر لە ئوردن هەیە لەو بوارەدا، کە دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى لەم بوارەدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە