رووداو دیجیتاڵ
مەتران بەشار وەردە، سەرۆكی ئەساقیفەی ئەبرەشیەی هەولێر بۆ کلدانییەکان دەڵێت: "بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی پاپا فرانسیس لە رۆما، شانازییە بۆ مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها کوردستان دەخاتە سەر نەخشەی جیهانی".
مەتران وەردە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئەمڕۆوە رۆژانی پرسە بۆ ماوەی نۆ رۆژ دەستیپێکردووە و رۆژانە نوێژ دەکرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە ئێستاوە ناوی کاردیناڵەکان و شوێنەکانی ئەنجامدانی نوێژ لەسەر نیەتی پاپا دیاریکراون".
هەروەها گوتی، "لەم ماوەیەدا کۆمەڵەی کاردیناڵەکان لە کۆبوونەوەی بەردەوامدا دەبن بۆ تاوتوێکردنی کاروباری کەنیسە. ئێستا کەنیسە لەکوێیە؟ ئەو بەرپرسیارێتی و ئەرکانە چین؟ ئاستەنگەکان، گرفتەکان، کێشەکان، قەیرانەکان چین، ئایا جیهانی بن یان کەنیسەیی کە ئێستا کەنیسە رووبەڕووی دەبێتەوە؟"، و جەختی کرد کە "ئەم دیالۆگانە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی ناوی دەنێین دیاریکردنی کەسایەتی قۆناخی داهاتوو".
سەبارەت بە بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماڵئاوایی پاپا، مەتران وەردە گوتی: "ئەم بەشداریکردنە شانازییە بۆ ئێمە وەک مەسیحییەکان لە کوردستان و عێراق کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئامادەبێت لەم کۆڕە نێودەوڵەتییەدا کە تێیدا مرۆڤایەتی ماڵئاوایی لە پاپای زیاتر لە ملیارێک و چوار سەد ملیۆن کاتۆلیکی جیهان دەکات."
ئاماژەی بە پەیوەندی تایبەت کرد کە پاپا فرانسیسی بە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانەوە بەستەوە و گوتی: "ئێمە لەبیرمان ناچێت کە پەیوەندییەکی دۆستانەی تایبەت پاپا فرانسیسی بە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، و هەروەها سەرۆک مەسعود بارزانی، و سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی بەستەوە"، ڕوونی کردەوە کە "لەوانەیە ئەمە بۆ یەکەم جار بێت، کە لە سەردانی پاپا بۆ عێراق هەمیشە پرۆتۆکۆلی سەردانی پاپا بۆ هەر شوێنێک هەبووە، ئەو سەردانی 68 وڵاتی کردووە، بە شێوەیەکی ئاسایی جارێک لە کۆشکی سەرۆکایەتی چاوی بە هەموو سیاسییەکان دەکەوێت و گوتارێکیان ئاراستە دەکات، ئەمەش ئەوەیە کە لە بەغدا روویدا."
مەتران وەردە دەڵێت: "بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لەم کۆڕە نێودەوڵەتییەدا دانانی کوردستانە لەسەر نەخشەی جیهانی."
دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ مەتران بەشار وەردە، سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشەی کلدانی لە هەولێر
رووداو: ئەم کاتەت باش، قۆناخی دوای بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیس چییە و چی دەکەن؟
سوپاس بۆ ئەم میواندارییە،لەم ئەمڕۆوە بۆ ماوەى نۆ رۆژ پرسە دەستپێدەکات کە هەموو رۆژ نوێژى قەداس دەکرێت، و ناوى کاردیناڵەکان و شوێنى قوداسەکان راگەیێنراوە، لەم ماوەیەدا کۆمەڵەى کاردیناڵەکان لە کۆبوونەوەى خولى دەبن، بۆ تاوتوێکردنى کاروبارى کەنیسە کە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان و ئاڵنگارییەکان و ئاستەم و دۆسیە و قەیرانەکان چین، کە پەیوەندران بە جیهانەوە یان بە کەنیسەوە کە رۆڵى تێدا دەبینێت، ئەو تاوتوێکردندانە زۆر گرنگن بۆ دیاریکردنى روخسارى قۆناخى داهاتوو، لە چەندین دیداردا ئەوەم دووپات کردوەتەوە کە پرۆسەى خۆبەربژێرکردن نیە و هیچ ناوێکیش نییە کە خرابێتەڕوو، ئەوەى ئێستا لە میدیا باس دەکرێت تەنیا پێشبینیە و بنەماى نییە، لە قۆناخەکانى رابردوودا کەسانێک بوون بە پاپا کە پێشتر نەخراونەتەروو، 9ى ئایار دەچینە نێو کۆنکلەیڤ ( کۆبوونەوەى کاردیناڵەکان)، هەروەها رێوشوێنى دیکە هەیە کە نھێنین ، یان رونتر تایبەتیى کەنیسەیین، لە بەروەى شتێک نییە بەناوى نهێنى، بەڵکو تایبەتمەندى هەڵبژاردنەکە زیاتر راسپاردنە لەوەى داوا بێت، کە بە پلەى یەکەم و بنەڕەتى ئاڕاستەى کەنیسە دەکرێت.
رووداو: ئەگەر بەربژێر دەنگی پێویستی نەهێنا، خولی هەڵبژاردنی پاپا دووبارە دەکرێتەوە، تاوەکو چەند کات هەیە کە پاپا دەستنیشان نەکرابێت؟
پێشبینی هەموان ئەوەیە کە کەمتر لە دوو هەفتەیدا پاپامان دەبێت و پرۆسەکە زۆر ناخایێنێت، پرۆسەى پرسەکە کە ئێستا هەیەو نۆ رۆژە، ئەم رێکارە دێرینە و کە لە کتێبى پیرۆز وەرگیراوە، لە هەڵبژاردنەکانى پێشوودا سێ بۆ چوار رۆژ زیاترى نەدەخایاند، چونکە وەک گوتم ئەو گفتوگۆاینەى کە لەم رۆژانەدا دەکرێت بەر لەهەڵبژاردنەکە سروشتى قۆناخەکە دەستنیشان دەکات، ئەو کاردیناڵانەى لە رێگەى ئەو پلانانەى پێشکێشى دەکەن هەریەکەیان تێڕوانینى خۆیان دەخەنەروو لەبارەى ئەوەى کە دۆخى کەنیسە چۆن دەبینێت و چۆن درێژە بە رێبازەکە دەدات.
رووداو: گرنگی بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو نوێنەری عێراقیش، چۆن دەبینن؟
بەپێچەوانەوە ئەم بەشدارییکردنە جێگەى شانازییە بۆ ئێمەى کریستیان لە کوردستان و عێراق کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئامادەبێت لەو بۆنە نێودەوڵەتییە کە مرۆڤایەتى ماڵئاوایی لە پاپاى زیاتر لە ملیارێک و 400 ملیۆن کاسۆلیکى لە جیهان دەکات، ئەوەمان بیرنەچێت کە پەیوەندییەکى دۆستانە و تایبەت هەبوو لە نێوان پاپا فرانسیس و سەرۆک نێچیزڤان بارزانى وسەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک مەسروور بارزانی، دەمەوێت بۆ یەکەمجار ئەوە بڵێم لەبارەى سەردانى پاپا بۆ عێراق، هەمیشە پرۆتۆکۆڵى سەردانى پاپا کە سەردانى 68 وڵاتى کردووە، بەیەکجار چاوى بە سەرجەم بەرپرسانى وڵاتەکە دەکەوێت لە کۆشکى سەرۆک یان پادشا و وتارێکیان پێشکێش دەکات وەک ئەوەى لە بەغدا رویدا، بەڵام پاپا و ڤاتیکان و وەک پێزانینێک بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان و حکومەتەکەى پێشکێشى کرووە لە چاودێریکردنى کریستیانەکان و بونى زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچپێکراو لە ساڵى 2014 و بەتایبەت کە پڕۆتۆکۆڵێکى تایبەت هەبوو، دیدارى تایبەتى هەبوو لە هەولێر و چاوى کەوت بە نێچیرڤان بارزانى کە پێشوازى لێکرد لە فڕۆکەخانە و لەگەڵ و مەسروبارزانى و مەسعود بارزانى دیداررى تایبەتى هەبوو، ئەوە جیاکردنەوەى پرۆتۆکۆڵیە بەڵگەى قوڵى پەیوەندى و پێزانینى ڤاتیکانە بەو دۆستایەتییە، بەشداریی نێچیرڤان بارزانى لەو بۆنە جیهانییە دانانى کوردستانە لە نەخشەى جیهانى ئەوەى کە پەڕگیرنین، ئێمە ئادەین لەو بۆنەنانەدا و بە هێزەوە ئامادەین بەو پەیامەشەوە کە لەخۆى گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ