رووداو دیجیتاڵ
دروێنەکردنی گەنم لە گەرمیان دەستیپێکرد. بەرپرسانی کشتوکاڵ لە سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێن، مەترسی لەسەر گەنمی ناوچەکانیان نییە. پسپۆڕێکیش لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "نیوەی زەوی کشتوکاڵیی هەولێر، دهۆک و کەرکووک وشکەساڵی دەیگرێتەوە".
ستار عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناوچەکەمان دابەشی دوو بووە. دۆخی دانەوێڵە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی گەرمیان باشە، بەڵام لە باشوور و باشووری رۆژئاوا وەک پێویست نییە".
لە سنووری گەرمیان ساڵانە نزیکەی 420 هەزار دۆنم بە گەنم دەچێندرێت و زۆرینەی دێمییە و پشت بە باران دەبەستێت.
ستار عەلی گوتی: "بەگوێرەی زانیارییەکانمان، ئەم ساڵ 60%ـی بەرهەمی گەنمی سنوورەکەمان باشە و ئەوی دیکە وەک پێویست نییە و ئەگەر گەنمەکەی وشکیش نەبووبێ وەکو ساڵانی رابردوو بەرهەمی نییە".
بەهۆی کەشوهەوای ناوچەکەوە، ساڵانە لە گەرمیان زووتر لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دروێنەی گەنم دەستپێدەکات.
گوتەبێژی کشتوکاڵ گوتی: "لە چەند شوێنێکی ناوچەکەمان بەهۆی پێگەیشتنەوە دروێنە دەستیپێکردووە".
بەرپرسانی سلێمانی و هەڵەبجە: وشکەساڵی نابێت و بەرهەمی گەنم باشە
ئەمڕۆ ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی 400 ملیمەتر باران لە سنوورەکە باریوە و بەگوێرەی پێویست نەبووە، بەڵام مەترسیی وشکەساڵیمان نییە".
بەرهەمی گەنمی هەڵەبجە ساڵانە 40 بۆ 45 هەزار تۆنە. ستار مەحموود گوتی: "گەنممان پێدەگات و تاوەکو ئێستا کێشەی نییە، بەرهەمیشمان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو باش دەبێت".
لە سنووری سلێمانی ساڵانە تێكڕای باران 675 ملیمەترە. جەوهەر حەمەلاو، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ نیوەی تێکڕای باران باریوە کە 335 ملیمەترە".
بەگوێرەی سرووشتی ناوچەکە، ساڵانە نیوەی تێکڕای باران ببارێت سلێمانی مەترسیی وشکەساڵی لێ ناکرێت. بەرپرسێکی کشتوکاڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە رووداوی گوت: "دۆخی گەنم باشە و مەترسی جیدیی وشکەساڵی نییە".
لەبارەی مەترسی وشکەساڵی لە ناوچەکانی دیکە، لوقمان موفتی، پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە زۆرینەی سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک بارانی تێکڕای ساڵانە نەگەیشتووەتە نیوە، بۆیە مەترسی وشکەساڵی لە زیاتر لە نیوەی زەوی ئەو ناوچانە هەیە".
وەزارەتی کشتوکاڵ: کاردەکەین ئەم ساڵ عێراق هەموو گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت
ساڵی رابردوو 9 ملیۆن دۆنم زەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندرا و وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی نزیکەی شەش ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنمی لە رێگەی سایلۆکانەوە لە جووتیاران وەرگرت کە 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، 24ـی ئەم مانگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ''بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەم ساڵ لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنم کەم دەکات، ئەمە تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە سەرانسەری عێراقە.''
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن گەنمی وەرگرت.
22ـی نیسانی ئەم ساڵ، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا، ئەم ساڵ گەنمی هەموو جووتیاران وەربگرن.
لەبارەی بڕیارەکەوە بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە کە جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوەی جووتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ