حەمەی مانگر: سێ چەکدار بە کەتەر لێیاندام و پۆستەکانی فەیسبووکەکەمیان سڕییەوە

27-06-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حەمەی مانگر، چالاکڤانی مەدەنیی شاری سلێمانی دەڵێت، شەوی رابردوو لە گەڕەکی سەرچنار هێرش کراوەتە سەری و "بە کەتەر برینداریان کردووە،" پاشان ئەو کەسانەش کە هێرشیان کردووەتە سەری، داوای تەلەفۆنەکەیان کردووە و هەندێک لە پۆستەکانی فەیسبووکەکەیان سڕیوەتەوە.
 
حەمەی مانگر بە رووداوی راگەیاند، "کاژێر 08:00ی ئێوارە[ی رۆژی 26-06-2022] بۆ ماڵ دەگەڕامەوە، سێ کەسی دەمامکدار کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندكرۆزه‌رى رەنگ رەشیان پێبوو، هێرشیان کردە سەرم، بەزۆر تەلەفۆنیان پێکردمەوە و هەندێک لە پۆستەکانی فەیسبووکەکەمیان سڕییەوە."
 
ئەو چالاکڤانە مەدەنییەی شاری سلێمانی دەڵێت، یەکێک لەو پۆستانەی لێیان سڕیوەتەوە لەسەر گازی چەمچەماڵ بووە، ئەوەیشی خستەڕوو، "نووسیبووم با کچە مۆدێلەکان و کوڕی بەرپرسەکان بچن پارێزگاری لە نەوتەکەی چەمچەماڵ بکەن، کوڕی هەژار بە کوشتن مەدەن."
 
دوای سڕینەوەی بەشێک لە پۆستەکانی، بە گوتەی خۆی، سێ کەسەکە پەلاماریان داوە و "بە کەتەر قۆڵ، چاو، روومەت، ئەژنۆم و رانمیان بریندار کرد و سووکایەتییان پێکردم و هەر لەوێدا فڕێیان دام."
 
سەبارەت بە هۆکاری هێرشکردنە سەری، حەمەی مانگر باسی لەوە کرد، ئەو چالاکڤانە و رەخنە لە دەسەڵات و حیزبەکان دەگرێت بەبێ جیاوازی.
 
هەروەها لەبارەی هێرشکارەکانیشەوە گوتی، "ناتوانم کەس تاوانبار بکەم، چونکە نازانم کێ بوون." دەشڵێت، "یەکەم منداڵم ناوناوە یەکێتی، دووەم نیشتمانی، سێیەم کوردستان، ئەگەر ئەوەی ئەو کردەوەی ئەنجامداوە یەکێتی بێت، ئەوە وەفایانە بۆ من!"
 
ئەو چالاکڤانە دەڵێت ئەو ئێستا ئەدای یەکێتیی بەدڵ نییە، بۆیە رەخنەیان لێدەگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئاسایشی سلێمانی لە نەخۆشخانە سەردانیان کردم و گوتیان لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین و لە وردەکارییەکەی ئاگادارت دەکەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیسبوونی کەشوهەوای ورمێ

ژینگەی ورمێ: هەوای ورمێ و مەهاباد ناتەندروستە

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، پێنوێنی کواڵیتیی هەوای شارەکانی ورمێ و مەهاباد بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستی "ناتەندروست"، بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات وریا بن.