رووداو دیجیتاڵ
دانیشتی دادگەی مێردین لەبارەی دادگایی تۆمەتبارانی کوشتنی دوو ماڵباتەکەی دهۆک دواخرا بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ.
حەربی جەلالەدین، کەسوکاری یەکێک لەو ماڵباتانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا لە دادگەی مێردین، چوار لە تۆمەتبارەکان ئامادەبوون و گوتەیان لێ وەرگیراوە، بەڵام یەکێک لە تۆمەتبارەکان کە ئافرەتە، ئامادەنەبووە.
دانیشتنی دادگە بە گوتەی حەربی جەلالەدین، بۆ 20-10-2023 دواخراوە.
رۆژی 19-01-2023، پێنج ئەندامی دوو خێزانی دانیشتووی شاری دهۆک بۆ چارەسەری پزیشکی چووبوونە باکووری کوردستان، لەسەر رێگەی سەرەکی نسێبین - مێردین، دوو چەکدار ئۆتۆمبێلەکەیان رادەگرن و بە دەمانچە چوار کەسیان دەکوژن و کەسی پێنجەمیشیان بەسەختی بریندار کرد، دوای رۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەویش گیانی لەدەستدا.
هەریەک لە عەبدوڵڵا کاپڵان و فارس ئاکسەڤەن تۆمەتباری سەرەکین، ئیبراهیم دۆغان و مرات یغیت و چیغدەم بوزکورد هاوکارییان کردوون، یەکێکیان چەکی ئامادەکردووە، یەکێکیان چەکەکەی شاردووەتەوە. ئەوەی دیکەش ئۆتۆمبێلی بە دوو تۆمەتبارە سەرەکییەکە داوە.
حەربی جەلالەدین، برای یەکێک لە کوژراوەکان بە ناوی هەردوو خێزانەکەوە بە رووداوی گوت، "سبەی بەشداریی دانیشتنی دادگاییکردنە دەکەین و داواکارین دادگەی مێردین مافی خێزانەکانمان وەربگرێتەوە و سزای تووندی تۆمەتباران بدات."
حەربی داوایکرد، دادگە راستیی رووداوەکە بۆ خەڵک ئاشکرا بکات، "چونکە تاوەکو ئێستا ئێمە و خەڵکیش نازانین هۆکاری ئەنجامدانی ئەو تاوانە چییە". گوتیشی، "بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەزانین لەگەڵ حکومەتی تورکیا هاوئاهەنگی هەبێت و نوێنەریان هەبێت لە دانیشتنەکانی دادگە، بۆ ئەوەی ئاگاداری رێرەوی دادگاییکردنەکەبن."
بە گوتەی حەربی جەلالەدین، جگە لەو پێنج تۆمەتبارە، ئەوان گومانیان لە سێ کەسی دیکەش هەبوو کە خزمی تۆمەتباری سەرەکی بوون، خەڵکی باکووری کوردستان و نیشتەجێی دهۆک بوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە دەستگیرکران، دوای ماوەیەک بەهۆی دەستنەکەوتنی بەڵگەی پێویستەوە ئازادکران، بەڵام داوایان کردووە دادگەی مێردین بۆ لێکۆڵینەوە داوای ئەوانیش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ