کوردۆ عەبدوڵڵای شاعیر کۆچی دوایی کرد

27-07-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ کوردۆ عەبدوڵڵا، شاعیری کورد لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
 
رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، شاعیر خالید عەتا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 4:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، کوردۆ عەبدوڵڵا، ناسراو بە کوردۆی شاعیر، لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە".
 
لەبارەی گیانلەدەستدانییەوە گوتیشی: "ئێوارەی ئەمڕۆ لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی نووستووە و کاتێک بانگیان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە گیانی سپاردووە".
 
کوردۆ عەبدوڵڵا، یەکێک بوو لە کەسە دیارەکانی سلێمانی، سەرەڕای ئەوەی بەدەست نەخۆشیی جەستەیی و دەروونییەوە دەیناڵاند، بەڵام هەوادارێکی دیاری ئەدەبیاتی شیعر بوو، لە زۆربەی چاوپێکەوتنە میدیاییەکانیدا شیعری دەخوێندەوە، بۆیە بە کوردۆی شاعیر ناوبانگی دەرکرد.
 
ساڵی 2020، دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکی شاعیر کوردۆ عەبدوڵڵا بڵاوکرایەوە، شیعرێکی پێشکێشی رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری رووداو کرد و گوتی: 
 
وەکو بەهار میوانێکی خونچەی گوڵی ناو باخم بە
بە هاتنت دەرگای ژووری ئاواتی من دەکرێتەوە
خونچەیەکی نەکراوە و جوان لەناو دڵما دەڕوێتەوە
دیدەنیم کە با هۆنراوە بۆ هاتنت بنەخشێنم
وەکو تەرزە وشەی شیعر رەنج سەنگاوی بەسەر تۆدا ببارێنم
 
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە، رەنج سەنگاوی سەردانی شاعیر کوردۆی کرد لە ماڵەکەی خۆی و چەپکە گوڵێکی پێشکێشکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە