ژنێک لە بانە بە لەحیم نووسین دەنەخشێنێت

27-08-2021
رووداو @Rudawkurdish
شوعلە فاروقی لەکاتی کارکردندا
شوعلە فاروقی لەکاتی کارکردندا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەندێکی ژن لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، پەیکەر و هێما بۆ نێو شارەکان دروست دەکات. شوعلە فاروقی زیاتر لە 30 ساڵە کاری نیگارکێشی و دیزاین دەکات و شەش ساڵە دەستی بە پەیکەرتاشی کردووە. ئەو دەڵێت، ئەو پەیکەرانەی ئەو لە ئاسن دروستیان دەکات، گێڕانەوەی رووداو و بەسەرهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستانن و بەو کارە خەڵک لەگەڵ رابردوو ئاشنا دەکات. 
 
شوعلە فاروقی نیگارکێشێکی دیاری شاری بانەیە، زیاتر لە سێ دەیەیە قەڵەمی نیگارکێشی لە دەستدایە و 28 ساڵیشە لە قوتابخانە و زانکۆکانی بانە وانەی هونەر و نیگارکێشی دەڵێتەوە، بەڵام کاری ئەو هەر لەگەڵ قەڵەم و رەنگ و کاخەز نییە. شەش ساڵە دەستی بە کاری دیزاین و دروستکردنی پەیکەر و ئێلێمان بۆ نێو شارەکان کردووە.
 
شوعلە فاروقی 48 ساڵان، بەهۆی هۆگریی بە پیشەکەی، ئێستا وەستایەکی شارەزای لەحیمکارییشە. هەر نەخش و نووسراوێکی بوێت، لەسەر ئاسن دەریدێنێت. ئەو ئێستا بۆ نێو شاری سەقز، سەرقاڵی ئامادەکردنی هێمایەکی ئاسنینی هەڵەبجە و پەیکەری مەولانایە و بڕیارە دوای تەواوبوون لە دوو گۆڕەپانی سەرەکیی ئەو شارە دابندرێن.
 
شوعلە فاروقی خاوەنی کارگەیەکی تایبەت بە خۆیەتی لە بانە، توانیویەتی لە بواری تەکنیکی و هونەری هەلی کار بۆ چەند کەسی دیکەش بڕەخسێنێت. هونەرەکەی لە لایەک و باوەڕبەخۆبوونی وەکو ژنێک لە لایەکی دیکە، هاندەری سەرەکیی ئەوانەیە کە هاوکاریی دەکەن.
 
لەنێو شاری بانە و شارەکانی دیکەی پارێزگای سنە، جێ پەنجەی شوعلە فاروقی دیارە. لە شەقامی بانەکۆنی بانە، بە تابلۆی ئاسنین چیرۆکی مەم و زین دەگێڕێتەوە و لە گۆڕەپانی هەمزاوای شارەکە، پەیکەری یەکڕیزیی داناوە. لە دوایین کارەکانیشی، دانانی ئێلێمانی نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد، ئیبراهیم یونسییە لە جاددەی بانە - سەردەشت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە