رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکووک رایگەیاند نازانێت بۆچی هەندێک هەواڵی ناڕاست لەبارەی دوورخستنەوەی بڵاودەکرێنەوە و دەڵێت ئەمشەو لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا بووە و دوورنەخراوەتەوە.
محەمەد عوسمان ناسراو بە"حەمەسوور دووشیوانی"، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکووک سەبارەت بە هەواڵی دوورخستنەوەی لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەندی حیزبەکەی لە کەرکووک بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی، بە رووداوی راگەیاند: "لە پۆستەکەم دوورنەخراومەتەوە و بەردەوامم".
کاژێر 9:00ی شەوی دووشەممە، 27ی ئەیلوولی 2021 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەو بەرپرسەی یەکێتی بە رووداوی گوت: "تەنیا 10 خولەک دەبێت لەگەڵ کاک بافڵ و برادەرانی دیکە لەکۆبوونەوە تەواوبووین و کۆبوونەوەیەکی باشمانکرد و ئەو هەواڵانەی لەبارەی دوورخستنەوەم دەگوترێت کە یەکەم جار نییە، ناڕاستن".
دوای رووداوەکانی 8ی تەمموزی نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چەند بەرپرسێکی ئەو حیزبە کە بە کەسانی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی هەژماردەکرێن لە پۆستەکانییان دوورخرانەوە، هەندێکی دیکەشیان چەند جارێک هەواڵی دوورخستنەوەیان بڵاوکرایەوە.
رۆژی 8ی تەممووز ناکۆکیی نێوان هاوسەرۆکانی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان تەقییەوە، کاتێک بافڵ تاڵەبانی بڕیاری گۆڕینی بەرپرسانی دەزگای دژەتیرۆر و زانیاری دا. دواتر لە رۆژی 15ی تەممووز لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆک لە لاهوور شێخ جەنگی وەرگیرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ