کۆمیسیۆن بۆ رووداو: بۆ هەڵبژاردنەکانی دواتر کار بە راسپاردەى وردبینیى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک دەکرێت

27-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
لۆگۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق
لۆگۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنەکانى دواتر کار بە راسپاردەى لیژنەى تایبەت بە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک دەکرێت، بۆ هەڵبژاردنى ئەم ساڵى پەرلەمانى عێراق پشت بە تۆمارى کۆمیسیۆن دەبەسترێت.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی رووداودا گوتی، "بەگوێرەی یاساى هەڵبژاردن و ئەوەى پەیوەندیدارە بە کەرکووکەوە، لەسەر بنەمای تۆماری ساڵی 1957 و لیژنەی مادەی 140، لیژنەیەک پێکهێندرا بۆ تاوتوێکردنى پرسی تۆمارى دەنگدەران و لیژنەکە چەندین کۆبوونەوەى کردووە و سەردانى کەرکووکیان کردووە، راسپاردە هەبووە بۆئەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی دواتر [دوای هەڵبژاردنی 2025] پشتی پێ ببەسترێت."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتى، "کۆمیسیۆن بەردەوامە لە کارەکانی و تۆمارێکی دەنگدەرانی باشی هەیە، هەموو ئەوانەى مافى دەنگدانیان هەیە دەتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردن بکەن، کە پشت بە کۆبوونی خۆراک دەبەسترێت و بۆ ئەم هەڵبژاردنە پشت بەو تۆمارە دەبەسترێت."
 
22ی تشرینی یەکەمی 2025 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا، لە کەرکووک کار بەو تۆمارەی دەنگدان بکرێت کە کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن ئامادەی کردووە و پرۆسەی وردبینی بۆ تۆمارەکە بەردەوام دەبێت، کە پێشتر لە یاسای هەڵبژاردندا هاتووە بەوەی پشت بە تۆماری 1957 ببەسترێت.
 
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ئێستا قۆناخی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران راگیراوە، بەڵام لەو قۆناخەدا دەکرا گواستنەوەی شوێنی دەنگدەر لەنێوان ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک بکرێت.
 
26 هەزار و 538 دەنگدەری ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەن، کە 25 هەزار و 986یان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
 
جومانە غەلاى رایگەیاند، لێژنەیەکی کۆمیسیۆن سەردانى کەمپى ئاوارەکانی کردووە و تۆماری بایۆمەتری بۆ کردوون. لە ناو کەمپەکاندا بنکەی دەنگدانیان بۆ دەکرێتەوە و لەگەڵ دەنگدەرانی تایبەتدا دەنگ دەدەن، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەی کەمپەکانن دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانیان و لە دەنگدانی گشتیدا بەشدار بن.
 
دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 9ى تشرینى دووەم و دەنگدانى گشتى دوو رۆژ دواتر دەکرێت.
 
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان  گوتى، "ئاوارەکانى شنگال لە دەرەوە یان ناو کەمپەکان بن ناوەندى دەنگدانیان بۆ دەکرێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە