رووداو دیجیتاڵ
کچە وەرزشڤانێکی خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سێیەمین پاڵەوانێتی ئاسیا بۆ وەرزشی موای تای پلەی یەکەمی ئاسیای بەدەستهێنا و مەدالیای زێڕی بردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 26-10-2025، رۆژان بێهنامی، کچە وەرزشڤانی خەڵکی شاری سەقزی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کێبڕکێیەکانی سێیەمین پاڵەوانێتی ئاسیا بۆ وەرزشی موای تای لە گرووپی تەمەن 14 تاوەکو 15 ساڵ کە لە بەحرێن بەڕێوەچوو، دوایین یاریی خۆی لە کێبڕکێکەدا بردەوە و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
رۆژان بێهنامی لە دوایین رووبەڕووبوونەوەیدا لە کێشی خوار 45 کیلۆگرام، بەرامبەر وەرزشڤانێکی ڤێتنامی بە ناوی نگویان تی تاو فونگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و مەدالیای زێڕی بردەوە.
ئەو کچە وەرزشڤانە کوردە، پێشتر لە بەرامبەر رکابەرەکانی لە تایلەند و مالیزیا سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو.
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە رۆژان بێهنامی، ماڵباتەکەی، خەڵکی سەقز و بە گشتی خەڵکی پارێزگای سنە کرد و رایگەیاند، "رۆژان بێهنامی، بە نمایشێکی بەهێز و نموونەیی، جارێکی دیکە شایستەیی کچانی ئەو وڵاتەی بە هەموو لایەک نیشان دا."
رۆژی شەممە 25-10-2025، موبین عەزیمی، وەرزشڤانێکی دیکەی خەڵکی شاری سەقزی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کێبڕکێی جیهانیی زۆرانبازیی تەمەن ژێر 23 ساڵ، کە لە سێربیا بەڕێوەچوو، دوایین یاریی خۆی لە کێبڕکێکەدا بردەوە و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
موبین عەزیمی لە دوایین رووبەڕووبوونەوەی خۆیدا لە کێشی 92 کیلۆگرام، بەرامبەر وەرزشڤانێکی رووسی بە ناوی موخامەد خانیۆڤ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و مەدالیای زێڕی مسۆگەر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ