نرخی کارەبا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم 35٪ گران دەکرێ

27-10-2025
سینا سۆما
کارەبای ئێران 20 هەرزار مێگاوات کورتهێنانی هەیە.
کارەبای ئێران 20 هەرزار مێگاوات کورتهێنانی هەیە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زۆربەی شتەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامدان، ئەمجارە، گرانکردنی کارەبایشی هاتە سەر. 
 
عەبدولئەمیر یاقووتی، بەڕێوەبەری کاروباری هاوبەشەکان لە پیشەسازیی کارەبای ئێران دەڵێت، "ئەگەر نرخی کارەبا بگۆڕدرێ، ئەگەر بمەوێ بە رێژە باسی بکەم کە بەراورد بە پێشوو تاوەکو چەند گۆڕانکاری تێیدا دەکرێ، دەتوانم بڵێم 35٪ گران دەبێ."
 
گرانکردنی کارەبا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە، ئەم ساڵ قەیرانی کارەبا لەو وڵاتە قووڵتر بوویەوە و حکومەت رۆژانە چەند کاژێریک کارەبای لەسەر ماڵان بڕی. پیشەسازییەکانیش هەفتانە لە نێوان دوو تاوەکو سێ رۆژ کارەبایان لەسەر بڕا.
 
ئێستا وەزیری وزەی ئێران لە سەرهەڵدانی کێشەکە لە وەرزی سەرما نیگەرانە.
 
عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران باس لەوە دەکات، "لەگەڵ وەزارەتی نەوت هاوئاهەنگی باشمان هەبووە ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو. توانیومانە کۆگەی وێستگەکان پر بکەین لە سووتەمەنی، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە سووتەمەنیی نێو کۆگەکان بۆ تەواوی وەرزی زستان بەش دەکات. پێویستە خەڵک بە دەستپێوەگرتن و بەکارهێنانی گونجاو هاوکار بن، بۆ ئەوەی بتوانین ئەم دۆخە بە شێوەیەکی باش تێپەرێنین."
 
چەند ساڵێکە ئێران تووشی کێشەی کەمیی کارەبا بووە.
 
ئێران پێویستی بە نزیکەی 96 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە، زیاتر لە 20 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە