رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی پێشوازی لە بڕیارەکەی دوێنێ یەکشەممەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات و دەڵێ، هیوادارن رێگە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی بکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27-10-2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە ئەنقەرە بە بایەخەوە باسی لە بڕیاری پەکەکە بۆ کشاندنەوەی گەریلاکان لە باکووری کوردستان و تورکیا کرد و گوتی: "ئیدی گرنگترین ئەرک ئەوەیە کە ئەم قۆناخە بۆ داهاتووی هاوبەشی 86 ملیۆن کەس بگوازینەوە".
تونجەر باکرهان ئاماژەی بەوەشکرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی چارەسەری دەگێڕێ و گوتی، بۆ ئەوەی بتوانێت "رۆڵێکی کاریگەرتر لەم پرۆسەیەدا بگێڕێ، دەبێ رێگەکان بکرێنەوە و دەرفەتەکان بڕەخسێندرێن".
هاوسەرۆکی دەم پارتی بە پێویستی زانی پەرلەمانی تورکیا کارئاسانی زیاتر بۆ ئەم قۆناخە بکات و "هەموارکردنەوەی یاسایی بکات" و رایگەیاند: "ئەمانە تەنیا هەموارکردنەوەی تەکنیکی نابن، بەڵکو دەبنە بەردی بناخەی ئاشتی. ئەمانە بۆ دیموکراسیبوونی تورکیا پێویستن".
تونجەر باکرهان گوتی: "ئەو شەپۆلی مەترسییەی لەسەر کوردی ناوچەکە و تورکیا هەیە، تەنیا دەتوانین لەڕێگەی گفتوگۆی دیموکراسی تێیپەڕێنین، رێگەی ئەمەش لەناو یاساکانی یەکخستنی دیموکراسیدا تێدەپەڕێ".
گوتەکەی باکرهان لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە پارتی کرێکارانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە بناری قەندیل لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گەریلاکان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکشێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ