رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، تیمەکانیان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، تۆمەتباری رووداوێکی کوشتنیان دەستگیرکرد کە شەوی رابردوو لەنێو بازاڕی شارەکە روویدابوو.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، کوشتنەکە لەسەر کێشەیەکی کۆن بووە و پەیوەندی بە هاککردنی مۆبایلەوە هەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27-10-2025، پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە رووداوێکی کوشتن لە ناو بازاڕی شاری هەولێر ئاگادار کراینەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداو و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد."
لەکاتی گەیشتنی تیمەکانی پۆلیس و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە، بە خێرایی توانییان تۆمەتباری سەرەکی دەستنیشان بکەن و دەستگیری بکەن.
پۆلیس دەڵێت، "پاش لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەدواداچوونێکی چڕ، دەرکەوت کە لەسەر کێشەیەکی کۆنی نێوانیان، کە بکوژ دانی پێدا ناوە و گوایە کەسی کوژراو مۆبایلی بکوژی هاک کردووە و کۆمەڵێک وێنەی بردووە، بۆیە شەوی رابردوو بکوژ بە ناوی (آ. ھ. ح) بە چەکێکی جۆری دەمانچە هاوڕێکەی بە ناوی (ی. د. ع) دەکوژێت."
پۆلیسی هەولێر جەختی لەوە کردەوەتەوە، لە هەمان کاتی رووداوەکەدا، تیمەکانیان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، توانیویانە تۆمەتباری بکوژ دەستگیر بکەن و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ