رووداو دیجیتاڵ
شەوی دووشەممە، حەماس 11 بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی رادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد و دواتر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە گەڕێندرانەوە وڵاتەکەیان.
مارک ریگێڤ، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، ژمارەیەک منداڵ لەنێو ئەو 11 بارمتە ئازادکراوانەدا هەن، بە نموونە دوو منداڵیان تێدایە کە دووانەن و تەمەنیان سێ ساڵانە.
لە بەرامبەردا، حەماس دەڵێت، بڕیارە ئیسرائیل 33 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
ئەرکی وەرگرتنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس و گەیاندنەوەیان بە سوپای ئیسرائیل، بە خاچی سووری نێودەوڵەتی سپێردراوە.
بەگوتەی حەماس، ئەو 33 بەندکراوە، 30 کەسیان منداڵن و سیانەکەی دیکەش ژنن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023، رۆژی چوارەمی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بوو کە دوو رۆژی دیکەش درێژکرایەوە، پێش ئەمڕۆ، 39 ئیسرائیلی و 117 فەلەستینی لەلایەن هەردوولاوە ئازادکرابوون.
درێژکردنەوەی ئاگربەست
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023، ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "قەتەر وەکو وڵاتێکی نێوەندگیر رایدەگەیێنێت، کە گەیشتووینەتە رێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی غەززە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە".
هاوکات، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا درێژکردنەوەی ئاگربەستەی راگەیاند و گوتی، "لەگەڵ برایانمان لە قەتەر و میسر گەیشتووینەتە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی شەڕەکە بەهەمان مەرجی ئاگربەستی پێشوو بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە رابگیرێت".
رۆژی 24-11-2023، رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد و لە کۆمەڵەی یەکەمدا حەماس 24 بارمتەی ئازادکرد و ئیسرائیلیش 39 بەندکراو. دوێنێ (یەکشەممە) کۆمەڵەی سێیەمی بارمتە و بەندکراوەکان ئاڵوگۆڕکران.
درەنگیی شەوی شەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس دووەم کاروانی بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکانیان ئازادکرد کە 17 کەس بوون. بەمجۆرە، ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان گەیشتە 41 کەس. ئیسرائیلیش لە کۆمەڵەی دووەمدا دووبارە 39 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد.
بە گشتی لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەوە، تاوەکو ئێستا حەماس 69 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردوون و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 150 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکردووە.
حەماس چەند بارمتەی لابوو؟
لە هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، چەکدارانی حەماس، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و بیانیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیاننەوە بۆ کەرتی غەززە.
لە بەرامبەر ئەو هێرشە، ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە، هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، نزیکەی 16 هەزار فەلەستینی کوژراون.
بەشێکی دیکەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هەیە، ئەوەیە بڕیارە ئیسرائیل رێگەبدات هاوکاری مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بگەنە غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ