ئاوی هەولێر: چەکی پارە بۆ ئەو خاوەن موەلیدانەی کارەبا دەدەنە بیرەکان کراوە

27-11-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر کە کارەبایان بۆ بیرەکانی ئاو دابینکردووە، داوای خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێت، بەشێکی زۆری پارەکە خەرجکراوە و ئەوەی ماوەتەوە چەکی بۆ کراوە و رەوانەی بانک کراوە.
 
لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی کێشەی کارەباوە، بەشێک لە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان لەسەر داوای حکومەت کارەبایان بۆ کارپێکردنی بیرەکانی ئاوی هەولێر دابینکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکیان پارەکەیان وەرنەگرتووە.
 
200 خاوەن موەلیدە پارەیان دەوێت
 
هەڵگورد فاتیح، یەکێکە لەو خاوەن موەلیدانە بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداوی گوت: "ئێمە لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی گرفتی کارەبا، لەلایەن حکومەتەوە داوامان لێکرا کارەبا بۆ بیرەکان دابین بکەین. پارەی بەشێکمان خەرجکراوە، بەڵام ئێستا نزیکەی 200 خاوەن موەلیدە ماوین و داواکارین لە حکومەت پارەکەمان بۆ خەرجبکات."
 
بەگوێرەی قسەی ئەو خاوەن موەلیدەیە، بڕی پارەکە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی قەرزەکان لەنێوان 10 بۆ 45 ملیۆن دیناردایە بۆ هەر خاوەن موەلیدەیەک.
 
هەڵگورد فاتیح ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەڕەکانەی زووتر کەوتوونەتە نێو پرۆژەی "رووناکی"، خاوەن موەلیدەکان پارەکەیان وەرگرتووە، "ئێستا ئێمەش داواکارین پارەکەمان بۆ خەرجبکرێت کە کۆی گشتییەکەی نزیکەی ملیار و نیوێک دینارە."
 
ئاوی هەولێر: پارەکە خەرج دەکرێت
 
لای خۆیەوە رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان وەرگرتووە بۆ خەرجکردنی پارەی ئەو موەلیدانەی لە دوو ساڵی رابردوودا کارەبایان داوەتە بیرەکان، کە کۆی گشتییەکەی نزیکەی دوو ملیار و 400 ملیۆن دینار بووە.
 
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "لەو دوو ملیار و 400 ملیۆن دینارە، لە ماوەی رابردوودا ملیار و نیوێکی خەرجکراوە. بۆ ئەوەی دیکەیشی کە ماوەتەوە (نزیکەی ملیارێک و 400 ملیۆن دینار)، ئێستا چەکی بانکییان بۆ کراوە."
 
رابەر حوسێن ئاشکرای کرد، چەکی خەرجکردنی پارەکە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی بانکە بازرگانییەکان کراوە و گوتیشی: "ئەمڕۆ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لەگەڵ نوێنەری خاوەن موەلیدەکان سەردانی بانکی کردووە بۆ ئەوەی رێکارەکان تەواو بکرێن و پارەکەیان بۆ خەرجبکرێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە