رووداو دیجیتاڵ
گرووپی ئۆرکێسترای هێژان کە لە هونەرمەندانی پێکهاتە جیاوازە نەتەوەییەکانی نێو ئێران پێکهاتووە، ئاواز و میلۆدییە رەسەنە کوردییەکان بە دەف نوێ دەکاتەوە.
بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەو ئۆرکێسترایە ژنانی دەفژەنن. سەرپەرشتیاری ئەو گرووپە هیوا رەنجبەر، میوزیکژەنی خەڵکی شاری سنەیە. ئەو بەشێوەی زانستی کار لەسەر میوزیک دەکات و کتێبێکی تیۆری لەسەر دەف نووسیوە.
بەڕێوەبەری ئەو ئۆرکێسترایە، هونەرمەندێکی گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە بەشێوەی ئاکادیمی کاری میوزیکی کردووە و لە چەندین بواری میوزیکدا چالاکە.
هیوا رەنجبەر، موزیکژەن دەڵێت، کارەکانیان لە بواری میوزیکدا بەسەر چەند جۆرێکدا دابەش دەبێت، لە بەشێك لە کارەکانیدا گۆرانی دەڵێت و کاری سەرەکیشی رێبەرایەتیکردنی ئۆکێستراکەیە.
هیوا رەنجبەر خەڵکی شاری سنەیە، ئەو شارەی بە پایتەختی دەفی جیهان ناوی دەرکردووە. هەر ئەوەش وایکردووە روانینێکی تایبەتی بە ئامێری دەف هەبێت و بەشێوەی ئاکادیمی بیباتە نێو ئۆرکێستراکەی و کاری لەسەر بکات.
هیوا رەنجبەر دەشڵێت، دەف ئامێرێکی میوزیکە کە لە خانەقاکاندا زۆرتر بەکاردەهێنرا، بەڵام ئێستا رێچکەیەکی ئەکادیمیشی هەیە.
ئەو ئێستا کار لەسەر میلۆدییە رەسەنە کوردییەکان دەکات و هەوڵ دەدات لەگەڵ ژەنیارانی دەفی ئۆرکێستراکەی، ئەو گۆرانی و ئاوازە رەسەنە کوردییانە نوێبکاتەوە، بۆ چێژوەرگرتنی زیاتری گوێگرانی میوزیک.
ئەو موزیکژەنە دەشڵێت، کارە رەسەنە کوردییەکان وەکو گۆرانییەکانی هونەرمەندان حەسەن زیرەک و ناسر رەزازیی زیندووکردووەتەوە.
وێڕای بەڕێوەبردنی ئۆرکێسترا و خوێندنی گۆرانی و ئاواز، بەشێوەی زانستیش کار لەسەر میوزیک دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش، هەم کتێبی تیۆری لەسەر دەف نووسیوە، هەمیش خەریکی وانەگوتنەوەی میوزیک بە منداڵان، بە تایبەت تووشبووانی ئۆتیزمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
بەرهەمەکانی هیوا رەنجبەر بە دوو زمانی کوردی و فارسی بەرهەمهاتوون. ئەو بەرهەمانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لە لایەن گەنجانەوە، پێشوازیی زۆری لێدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ