رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی "ئەگەری نمەباران هەیە." کەشناسێکێش دەڵێت، پلەی گەرما دادەبەزێت و تاوەکو رۆژی چوارشەممە کاریگەریی هەوایەکی فێنک لەسەر هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
رۆژی هەینی 28ی نیسانی 2023 کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی ئەگەری نمەباران لە کات و ناوچەی جیا هەیە و لە دوای نیوەڕۆدا بارانبارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان زیاتر دەبێت. "لە هەندێک ناوچە ئەگەری هەبوونی تۆز و خۆڵێکی کەم هەیە."
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ئەنجامی کاریگەریی بارستە ھەوایەکی فێنک لە دەریای نێوەڕاستەوە، سبەی ناجێگیریی کەشوھەوا لە سنووری پارێزگای دھۆکەوە دەستپێدەکات و دواتر ناوچەکانی دیکە دەگرێتەوە. گوتیشی، لە ناوچە شاخاوییەکاندا نمەباران و هەندێک کات تاوە باران دەبارێت و هەورە برووسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
لەبارەی بارانبارین لە سەنتەری شارەکان، ئاراس جەبار گوتی، "لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئەگەری نمەبارانی کەم هەیە؛ بەڵام لە هەولێر ئەگەری بارانبارین نییە."
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی پلەی گەرما 3 بۆ 4 پلە دادەبەزێت. ئەوەشی خستەڕوو، کاریگەریی هەوای فێنک تاوەکو چوارشەممەی داهاتوو لەسەر هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی شەممە لە باشووری کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر: 30 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 27 پلەی سیلیزی
دهۆک: 29 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 34 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 28 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 29 پلەی سیلیزی
سۆران: 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 36 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ