هەنگاوێکی نوێ بەرەو دیجیتاڵکردن؛ لەڕێگەی پلاتفۆڕمێکەوە چاودێری تەندروستیی پێشمەرگە دەکرێت

29-04-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
پلاتفۆڕمێک چاودێری تەندروستیی پێشمەرگە دەکات
پلاتفۆڕمێک چاودێری تەندروستیی پێشمەرگە دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی نوێی بەرەو بەدیجیتاڵکردن نا و پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردن و بەدواداچوونی دۆخی تەندروستیی پێشمەرگە راگەیاند. پلاتفۆرمەکە بە پاڵپشتی رێکخراوێکی ئەمریکی دامەزراوە و زانیارییە تەندروستییەکانی پێشمەرگە لە هەر شوێنێک بێت، خولەک بە خولەک دەگاتە پزیشکانی وەزارەتەکە.
 
لە رێوڕەسمێکدا رۆژی دووشەممە، 28-04-2024، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و مارک ستڕۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، پلاتفۆرمی (دەستپێشخەری ئامادەیی پزیشکی هێزەکانی پێشمەرگە) راگەیێنرا.
 
ئەم پلاتفۆرمە نوێیە لەسەر تابلێت کار دەکات و لە رێگەیەوە زانیارییە تەندروستییەکانی هەموو پێشمەرگەیەکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە تۆمار دەکرێت.
 
عەقید سەبوور عەلی، سەرپەرشتیار لە فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک، یەکێکە لە بەکارهێنەرانی سیستمەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ نموونە ئەگەر رووداوێکی نەخوازراو هەبێت، زانیارییەکان لە ماوەی خولەکێک دەگاتە شوێنی خۆی. بۆ ئێمەش شتێکی نوێ و تازەیە و دەستخۆشییان لێدەکەین. بەڕاستی سوودێکی زۆر چاکمان لێبینیوە، ئیشەکانمانی ئاسانتر کردووە و بارگرانی سەرشانی ئێمەی زۆر کەمکردووەتەوە."
 
بیرۆکەی پلاتفۆرمەکە لەلایەن دکتۆر رەزا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکیی گشتی لە وەزارەتی پێشمەرگە داهێنراوە. ئەو دەڵێت، سیستەمەکە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ پاراستنی "سەلامەتیی پێشمەرگە لە هەموو روویەکەوە"، لەوانەش سەلامەتی خۆراک، شوێنی مانەوە و تەنانەت سەرتاشخانەکانیش.
 
دکتۆر رەزا ئیسماعیل بە رووداوی گوت: "گرنگترین بەشی کارووباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە پاراستنی سەلامەتیی پێشمەرگەکانە، بەتایبەت لە کاتی ئاشتیدا. ئەم سیستمە هەموو زانیارییە پێویستەکان لە یەک شوێن کۆدەکاتەوە. ئەمە دەستپێکی حکومەتی دیجیتاڵی تەندروستییە." ئاماژەی بەوەشکرد کە "سیستەمەکە هێندە پێشکەوتووە و بەستراوەتەوە بە سێرڤەرەکانی حکومەتەوە کە لە داهاتوودا دەکرێت بۆ هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆش سوودی لێوەربگیرێت."
 
پلاتفۆرمەکە بە پاڵپشتی دارایی رێکخراوی (Spirit of America)ـی ناحکومیی ئەمریکی دامەزراوە، کە بڕی 100 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە.
 
زاک بازی، بەڕێوەبەری هەرێمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوەڕاستی ئاسیا لە رێکخراوی Spirit of America، لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند: "لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە بووین. خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە هاوبەشێکی بەهێزی ئەمریکان. ئێمە پێشمەرگە وەک بڕبڕەی پشتی ئەم هەرێمە دەبینین کە پارێزگاری لە خەڵک دەکەن، بۆیە بیردەکەینەوە هاوکاری کردنیان زۆر گرنگە."
 
لەڕێگەی پلاتفۆرمەکەوە، هەر حاڵەتێکی برینداربوون، پێکان یان بڵاوبوونەوەی هەر نەخۆشییەکی گواستراوە لەنێو ریزەکانی پێشمەرگەدا تۆمار دەکرێت و دەستبەجێ تیمە پزیشکییە تایبەتمەندەکان ئاگادار دەکرێنەوە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست. ئەمەش بە "هەنگاوێکی گرنگ" دادەنرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی پزیشکی و چاودێریی تەندروستی هێزەکانی پێشمەرگە.
 

 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.